شەهاب نادری پەرلەمانتاری پارێزگای #کرماشان# لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، بۆچی کرماشان لە پلەی یەکەمی وەرگرتن و لێسەندنی باجدایە لە ئێراندا، بەڵام لە بەرامبەردا خزمەتگوزاری لە پارێزگاکەدا کەمە.
راشیگەیاند، وەرگرتنی باج لە کرماشان بۆ ئەمساڵ زۆر زیاتر بووە لە پارێزگای دەوڵەمەندەکانی تاران، ئیسفەهان و ئەراک و... و سەرباری ئەوەش کەمترین خزمەتگوزاری پێشکەشی پارێزگای کرماشان و خەڵکەکەی کراوە.
بە وتەی شەهاب نادری، وەرگرتنی باج بۆ ئەمساڵ بۆ پارێزگای تاران بە ڕێژەی 6.6% و بۆ پارێزگای ئیسفەهان بە ڕێژەی 3% و بۆ پارێزگای ئەراک بە ڕێژەی 2.2% و بۆ پارێزگای خوراسانی ڕەزەویش هیچ باجێک دیاری نەکراوە، بەڵام لە بەرامبەردا ڕێژەی 27.3%ی باج بۆ پارێزگای کرماشان دیارکراوە، کە ئەوە بەرزترین ڕێژەی وەرگرتنی باجە لە سەرتاسەری ئێراندا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو باجە قورسە بۆ خەڵک و کەرتی پیشەسازیی کرماشان زۆر قورسە و ئەوەش دەبێتە ڕێگری لە پێشخستنی کەرتی پیشەسازی لە کرماشاندا.
ئەوەش لە کاتێکدایە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پلەی یەکەمی بێکاریی لەسەرتاسەری ئێراندا هەیە. ڕژێمی ئێران بە سیاسەتە تایبەتەکانی بەرامبەر بە خەڵکی ئەو پارێزگایە لە هەوڵدایە خەڵک بە هەژاری بهێڵێتەوە و خەڵکەکەی وابەستەی خۆی بکات و سیستمی جاشایەتی و بەکرێگیراویی لە ناویاندا پێشبخات.
وەرگرتنی بەرزترین و زۆرترین ڕێژەی باج لە بێکارترین پارێزگای ئێران بە ڕوونی سیاستە چەوسێنەرانە و تاڵانکارەکانی ڕژێمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخاتەڕوو.[1]
#25-11-2018#