شەوی ڕابردوو 25-11-2018 دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ساڵی ڕابردوو، بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 6.4 پلەی ڕیختەر پارێزگای #کرماشان#ی هەژاند و بەپێی ناوەندە فەرمییەکانی ئەو پارێزگایە 716 کەس بریندار بوون.
بەپێی ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران، بوومەلەرزەکە لە ڕۆژئاوای پاریزگای کرماشان و لە سەرپێڵی زەهاو ڕوویداوە. سەرۆکی زانکۆی پزیشکی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند: تاوەکو ئێستا 290 کەس لە سەرپێڵ زەهاو، 170 کەس لە گیلانی ڕۆژئاوا، 109 کەس لە قەسری شیرین، 12 کەس لە ڕوانسەر، 6 کەس لە داڵاهوو، 57 کەس لە ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوا و 5 کەسیش لە سەلاسی باوەجانی خۆیان گەیاندووەتە ناوەندە تەندروستییەکانی ئەو شارانە، وەک برینداری بوومەلەرزەکە.
مەحموود ڕەزا مورادی، سەرۆکی زانکۆی پزیشکی کرماشان ڕەتیکردەوە کە هیچ کەسێک لە بوومەلەرزەکە گیانی لەدەستدابێت و گوتی، زۆربەی بریندارەکان لەکاتی هەڵهاتن و ترس لە بوومەلەرزەکە برینداربوون و لەو ژمارەیەش 34 کەس لە نەخۆشخانەکان ماونەتەوە.
هەروەها بەهمەن ڕۆشنی جێگری سەرۆکی زانکۆی پزیشکی کرماشان لە نوێترین لێدوانیدا بۆ میدیای ئێران گوتی: بریندارانی بوومەلەرزەکەی شەوی ڕابردووی کرماشان گەیشتووەتە 716 کەس و هەموو ناوەندە تەندروستییەکانی کرماشان لە ئامادەباشیدان و هیچ کێشەیەکمان نییە.
هوشەنگ بازوەند، پارێزگاری کرماشان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی فەرمی ئێران ڕایگەیاند، ئاو و کارەبا و گازی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان نەپچڕاوە و هیچ کێشەیەکیان نییە. لەبارەی زەرەر و زیانەکانی بوومەلەرزەکەش گوتی: زیانەکانی بوومەلەرزەکە بەبەراورد بە بەهێزییەکی زۆر نەبووە، تەنیا چەند شوێنێکی بازرگانی کە لە بوومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردوو زیانیان پێگەیشتبوو و دەبوایە چاکبکرێنەوە، لەم بوومەلەرزەیەدا ڕووخاون.
ساڵی ڕابردوو، بوومەلەرزەیەکی 7.3 ڕیختەری لە پارێزگای کرماشانی دا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 620 کەس و 12 هەزار و 386 کەسیش بریندار بوون. بوومەلەرزەکە زیانی گەیاند بە 10 شار و هەزار و 930 گوندی ئەو پارێزگایە و نزیکەی 100 هەزار دووکان و شوێنی نیشتەجێبوون لەو پارێزگایە زیانیان بەرکەوت.
بەپێچەوانەی ڕووداوەکانی پێشوو لەو پارێزگایە و ئێران بە گشتی کە هێزەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بەتایبەت سوپای پاسداران لەو ڕووداوانەدا ئامادەدەبوون، ئەمجارە و هەر لە سەرەتای بوومەلەرزەکەوە بەپێی ئاژانسی فەرمی ئێران، ئەرتەشی ئەو وڵاتە دەستبەکار بووە بۆ یارمەتیدانی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکە. فەرهاد ئاریانفەڕ، فەرماندەی باڵای ئەرتەشی ئێران لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە کە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەخۆی دەگرێت، ڕایگەیاند: چەندین لیوای ئەو هێزە نێردراون بۆ ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان و هەموو تواناکانی خۆیان خستووەتەگەڕ بۆ یارمەتیدانی بوومەلەرزە لێدراوەکان.
بەبڕیاری پارێزگای کرماشان سەرجەم قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە ئەمڕۆ داخران و پشوو ڕاگەیێندرا.[1]
#26-11-2018#