لە ساڵی 1327ی هەتاوی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەرێمی #هەورامان# و لە ئاوایی #ئاڵمانە# لە دایک بووە. تا پۆلی چوارمی سەرەتایی لە خوێندنگەی ئاڵمانە خویندووە، پاشان لە سەر بڕیاری باوکی، کە هاوکات ماموستای قوتابخانە بووە، بۆ درێژەدان بەخوێندن بەرەو شاری #سنە# نێردراوە. پۆلەکانی پێنج و شەشی لە قوتابخانەی گەڕەکی قەتارچیانی شاری سنە خوێندووە، لە ئامادەیی ڕازی شاری سنە دەورانی شەش ساڵەی ئامادەیی، تەواوکردووە. لە ساڵی 1347ی هەتاوی لە کێبڕکی سەرانسەری زانستگاکانی ئێران بەشداری کردووە، لە زانستگای پەروەردە و بارهێنان لە شاری تاران وەر گیراوە و، دەورەی چوارساڵەی زانستگای سەرکەوتوانە تەواوکردووە. سەرجەم چوار جار و بۆ ماوەی کوورت کوورت لەلایەن پولیس و ساواکەوە لە شارەکانی: تاران، #نەهاوەند# و #بانە# گیراوە و زیندانی کراوە. خوازیاری ئیش و کار لە هەرێمی کوردستان بووە. بەڵام ساواک ناڕازی بووە و نەیهێشتوە تا لە ناوچەکانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کوردستان و #کرماشان# دامەزرێت و کاری مامۆستایی بکات. بەم شێوەیە لە سێ هەرێم بێبەش کراوە. پاشان بۆ دابین کردنی گوزەران و ژیان ناچار و مەجبور بووە، کار بکات. حکومەت بۆ شاری نەهاوەند دووری خستوەتەوە، لەو شارە وەک ماموستای ئامادەیی دەست بە کار بووە. هاوکات ئوڕگانی ساواک لە ئاستێکی فرە بەرز لە کۆمەڵگەی ئیران و بە تایبەت لە کوردستان دەسەڵاتی ڕەشی خۆی داسەپاندبوو، کە ئیتر پێویستی بە دوور خستنەوەی ئازادیخوازان نەبوو. لەم پێڤاژەیەدا دیموکراسییەکەی جیمی کارتریش تا ڕادەیەکی زۆر بەرتەسک لەسەر دەسەڵات و نفوزی ساواک کاردانەوەی هەبوو. لەم هەلومەرجەدا و لە ساڵی 1353ی هەتاوی بەرەو شاری سنە گەڕاوەتەوە و لە ئامادەیی: مەستورەی ئەردەڵان، ڕازی، شاپور و پەروین ئیعتسامی وەک مامۆستا دەستی بەکار کردووە. پاش ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران بە فەرمی وەک کادیری کۆمەڵە لە بزووتنەوەی ڕادیکاڵ و عەداڵەتخوازانەی کوردستان بەشداری کردووە. ماوەی هەشت ساڵ وەک پێشمەرگە هەڵسووڕاوە، لە ماسمێدیا، ئورگانەکان و گۆڤارەکانی کۆمەڵە کاری کردووە. ساڵی 1365 بۆ چارەسەری نەخوشی، ئاوارەی هەندران بووە و لە وڵاتی سوید گیرساوەتەوە. پاش فێربوونی زمانی سویدی لە ئاستێکی بەرزدا و لە بواری پێداگۆگی و پەروەردە و بارهێنانی مودێڕن، لە زانستگاکانی سوید، خوێندوویەتی و سەرکەوتوانە شەهادەی باوەڕپێکراوی بە دەست هێناوە و، وەک ماموستا لە بوارەکانی زمانی زگماگی، وەرگێڕان و زمانی سویدی لە قوتابخانە جۆراوجۆرەکانی شارەکان سوید بۆ ماوەی 18ساڵ یارمەتیی گەنجان و پەنابەرانی داوە. [1]