دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
بەڕێوەبەری پەروەردەی #هەولێر# ڕایدەگەیەنێت: ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕی یەک ملیار و 400 ملیۆن دیناری بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ خوێندگەکانی سنوری هەولێر تەرخانکردووە، دەشڵێت: ماوەی دوو ڕۆژە نەوت دابەشکردن لە خوێندنگەکان دەستی پێکردووە.
بەشدار عەبدولخاڵق، بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێر بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕی یەک ملیار و 400 ملیۆن دیناری بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ خوێندگەکانی سنوری پەروەردەکانی هەولێر تەرخان کردووە.
وتیشی: به و بودجەیەی ئەنجومەنی وەزیران تەرخانی کردووە نەوت لە بازاڕەکان دەکڕین و ماوەی دوو ڕۆژیشە دابەشکردنی نەوت بەسەر پەروەردەکانی #شەقلاوە#، #ڕواندز#، #سۆران# و مێرگەسۆر و کەلەک دەستی پێکردووە و لە ماوەی ئه و دوو ڕۆژە 175 هەزار لیتر نەوت دابەشکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: لە ساڵانی ڕابردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم نەوتی بۆ پەروەردەکان دابین دەکرد، بەڵام ئەمساڵ نەیتوانی نەوت بۆ خوێندگەکان دابین بکات، هەر بۆیە ئەنجومەنی وەزیران ئەمساڵ ئەم بودجەیەی تەرخان کردووە کە پارەکە بە دوو قۆناغ خەرج دەکرێت لەقۆناخی یەکەم 40%ی پارەکە دراوە و ڕۆژانە پرۆسەی نەوت دابەشکردنەکە بەسەر پەروەردە و خوێندگەکان بەردەوامە.[1]
#30-11-2018#