لەسەر بانگهێشتی ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) ژمارەیەک لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، لە هێزە نیشتمانییە لایک و دیموکراتیکەکان، حیزب و لایەنە سیاسییەکان، کەسایەتییە سەربەخۆکان و چالاکوانانی کۆمەڵی شارستانی لە ڕۆژانی 28 و 29ی تشرینی دووەمی 2018 / 7 و 8ی سەرماوەز لە شارۆچکەی عەین عیسا کۆبوونەوە. کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی دروشمی بۆ بونیاتنانەوە و پێشخستنی سوریا بەڕێوەچوو. ئەمە دووەمین دانوستانە، کە لەلایەن ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە)ەوە بەڕێوەدەچێت.
بەشداربوان گفتوگۆیان کرد لەبارەی دۆزە سەرەکی و جەوهەرییەکانی داهاتوی گەلی سوریا و بابەتە مرۆییەکانەوە. ئەو بابەتانەی گفتوگۆیان لەسەر کرا بریتین لە: قەیرانی مرۆیی لە ئاڵۆزیی سوریادا، شێوازی حکومەت لە سیستمی نا ناوەندی و دیموکراتیکدا، مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری، بابەتی ئابووری و گونجاوترین شێواز بۆ داهاتووی سوریا، دەستووری بنەڕەتیی سوریا و بنەما سەرەکییەکانی، دۆزی ژن و ڕۆڵی لە چارەسەری و ئارامیی سوریا، میکانیزمەکانی دروستکردنی یەکێتیی ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتیک لایک.
بەشداربوان جەختیان لەوە کردەوە، دروستترین ڕێگای چارەسەریی سیاسی ئەوەیە، کە هەموو پێکهاتەکانی سوریا بە بێ جیاوازی لە کۆمیتەی دەستوور و کارە سیاییەکاندا مسۆگەر بکرێن. هەروەها جەخت لەسەر تێکۆشان لە دژی دەسەڵاتخوازی و هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و گرنگیی کردنەدەروەی هەموو هێزە داگیرکەرەکان لە سوریا کرایەوە.
بەشداربوانی گفوگۆکە جەختیان لەوە کردەوە، گەلی سوریا خاوەنی ئیرادەیەکی سەربەخۆییە و مافی خۆیەتی، چارەنووسی خۆی دیاری بکات. هەروەها داوا لە ڕێکخراە نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە حقوقییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان کرا کە ئەرکی خۆیان بەجێبهێننن و کۆتایی بە ئاڵۆزییەکانی سوریا بهێنن و ئاشتی بهێنننە دی.
بەشدارابوان داوای دامەزراندنی کۆمیتەیەکی چاودێرییان کرد. ئەرکی کۆمیتەی چاودێری درێژەدان بێت بە دیالۆگ و چاوپێکەوتنی سوری – سوری بۆ ئەوەی کۆنگرەی بەرفراوانی سوریا ڕێکبخرێت. هەروەها بابەتی کۆبوونەوەکانی داهاتوو دەستنیشان بکات. لە هەمان کاتدا پێشنیاز کرا کە دانوستانەکانی داهاتوو پێشکەوتوتر بن و بابەتی دەستوور، گۆڕانکاریی دیموکراتیک و بابەتی داگیرکەران و بوونی سەربازیی بیانی گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت.
بەشداران جەختیان لەسەر بەردەوامیدان بە شەڕ لە دژی تیرۆر کردەوە.
بۆ ئەوەی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن بەدی بێت، بەشداران داوایان دیالۆگی جدییان لە نێوان نوێنەرانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و کۆمەڵگەدا کرد.
#29-11-2018#