دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئاشکرایدەکات: ئەمساڵ 6 حاڵەتی تازەی نەخۆشی ئایدز لە هەرێم تۆمارکراون، بەمەش کۆی ژمارەی تووشبووان بەم نەخۆشیە گەیشتۆتە 32 حاڵەت.
خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتی دیوان و وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند :لە جیهاندا 36،9 ملیۆن هەڵگری ڤایرۆسی کەمی بەرگری لەش (HIV) ئان (ئایدز)-ن، ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەکوژێت و نزیکەی دوو ملیۆنی تریش وەک توشبووی نوێ دەکاتە قوربانی.
وتیشی :هەرچەندە تا ئێستا ئایدز، چارەسەری بنەبڕکەری نییە، بەڵام دەرمانی دژە ئایدزی زۆر کاریگەر هەن کە دەتوانن بە تەواوی کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکە بکەن و دەرفەت بە توشبوو بدەن کە ژیانێکی ئاسایی وەک هەر کەسێکی تر بژیت، ئەمەش دەسکەوتێکی پزیشکی مەزن بوو کە ژیانی ملیۆنان توشبووی ئایدزی ڕزگارکرد، بە جۆرێک بەکارهێنانی دەرمان ڕێژەی مردنی لە 38 ٪ کەمکردۆتەوە. هەروەها هۆکاری کەمبونەوەی لە 36٪ توشبووی نوێ یە، چونکە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پێشگیری و خۆپارێزی لە نەخۆشی ئایدز.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاشکراشیکرد :لە هەرێمی کوردستان لەم ساڵدا شەش حاڵەتی تازەی نەخۆشی ئایدز لەنێو هاوڵاتیانی هەرێم تۆمارکراوە، بەمەش کۆی گشتی توشبوانی ئایدز لە هەرێم (لە ساڵی 1986 تا کۆتایی 2018) گەیشتۆتە 32 حاڵەت، کە نۆ یان لە ڕەگەزی مێ-یە و 23 نێرینەن.
روونیشیکردەوە :ئەوانەی تووشی ئەم نەخۆشییە بوون هەموویان لە ژێر چاودێری پزیشکی خۆپارێزین لە هۆبەکانی کۆنتڕۆڵی نەخۆشی ئایدز لە هەرێمی کوردستان، پشکنینی پێویست و چارەسەر و هۆشیاریان پێ دەدرێت.
لە بارەی ئەنجامدانی پشکنینیشەوە خاڵس قاد ئاماژەی بەوەشکرد :ساڵانە زیاتر لە 350 هەزار پشکنینی ڤایرۆسی ئایدز لە هەرێم ئەنجامدەدرێت، هەموو بیانیەکان کە دێنە هەرێم پشکنینیان بۆ دەکرێت. هەروەها هەموو بوتڵێکی خوێن دەپشکندرێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی، ئەوانەی تازە ژیانی هاوسەری پێکدێنن، کرێکاری شوێنە گەشتیارییەکان، بەندکراوەکان، نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و نەخۆشی سیل و هەوکردنی جگەر و ئەوانەی نەشتەرگەریان بۆ ئەنجامدەدرێت، هەموویان پشکنینیان بۆ ئەنجامدەدرێت لە چوارچێوەی پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵی نەخۆشی ئایدز لە هەرێم. جگە لەم پشکنینانە ئەم پڕۆگرامە، چالاکی هۆشیاری و دابینکردنی دەرمان و ئامێر و پێویستی پشکنین لەخۆدەگرێت.
ئەوەشی خستەڕوو :لەمساڵدا، لە ئەنجامی پشکنینی بیانییەکان 23 حاڵەتی نەخۆشیەکە دۆزراوەتەوە و ڕەوانەی وڵاتانی خۆیان کراونەتەوە.
بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو :لەم ڕۆژەدا، پەیاممان بۆ هاوڵاتیان ئەنجامدانی خۆ ویستانەی پشکنینی ئایدزە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیان لە نەخۆشیەکە. هەروەها دورکەوتنەوە لە ڕەفتارە مەترسیدارەکان وەک:کاری سێکسی لەدەرەوەی ژیانی هاوسەری، دوورکەوتنەوە لە تاتۆکردن، بەکارنەهێنانی دەرزی و سرنجی بەکارهاتوو، دوورکەوتنەوە لە ماددە هۆشبەرەکان.[1]
#30-11-2018#