بەناوی سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی زانکۆی #سلێمانی#یەوە بە توندی هێرشکردنە سەر بەڕێز (د.کەمال ئەحمەد سەعید) پزیشکی نەشتەرگەری و مامۆستای #زانکۆی سلێمانی# مەحکوم و شەرمەزار دەکەین کە ئێوارەی ئەمڕۆ (دووشەممە 3ی 12ی 2018 لەڕێگەی چەکدارێکەو لە نۆرینگەی تایبەتی خۆی تەقەی لێکراو بە سەختی بریندار کرا.
ئێمە لەکاتێکدا دڵگرانیی خۆمان ڕادەگەیەنین بە هەوڵی کوشتنی بەڕێز (د.کەمال ئەحمەد سەعید) مامۆستاو سەرۆکی لیژنەی بەرزکردنەوەی پلەی زانستی لەکۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی، داوا لە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکان دەکەین بە زووترین کات تۆمەتبارانی ئەم کارە دزێوە دەستگیر بکەن.
داواش لەحکومەت و داواکاری گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، بە زووترین کات بێنە دەنگ و ئەم جۆرە کارە توقێنەرانەو هەموو ئەوانەی لەژێر هەر پەردەو بیانوویەکدا بێت دەیانەوێت شکۆی زانکۆ و مامۆستایانی بشکێنن و هانی توندوتیژی و گێرەشێوێنی بدەن ئیدانەو شەرمەزار بکەن، بەتایبەت کە ئەمە یەکەم جار نییە ڕووداوی لەو شێوەیە دووبارە دەبێتەوە.
سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی داوا لە وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی بۆ چارەسەی بەپەلەو پێویست بۆ بەرێز د.کەمال ئەحمەد سەعید مامۆستا کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی بکەن و درێغی نەکەن و ئامادەیی زانکۆی سلێمانیش دەردەبڕین بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک بۆ ئەم مەبەستە.
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر
د.ڕەزا حەسەن
سەرۆکی زانکۆی سلێمانی
#03-12-2018#
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!