کێشەی کەمخۆراکی لە پارێزگای #سنە# بەربڵاوتر بووە و بەتایبەت کاریگەری لەسەر منداڵانی پارێزگاکە داناوە. بەپێی ئامارەکان، لەو پارێزگایە زیاتر لە سێ هەزار منداڵ کێشەی کەمی خۆراکیان هەیە و بەهۆی کەمخۆراکییەوە، بەشێک لەو منداڵانە تووشی کورتی باڵا و لاوازی جەستە بوونە.
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە ساڵی 1995ەوە تاوەکو 2010، کەمخۆراکی لەنێو دانیشتووانی ئێران لە 17 لەسەدەوە بۆ 4 لەسەد کەمبووەتەوە، بەڵام ئەمساڵ کە توانای خەڵک بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان لاواز بووە، پێشبینی دەکرێ، ڕێژەی کەمخۆراکی بەرز ببێتەوە.
لە پارێزگای سنەدا کەمخۆراکی دیاردەیەکی بەربڵاوە. لەم پارێزگایەدا کەمخۆراکی خۆی لە نزمبوونی کێش و لاوازیدا نیشان دەدات. کەمخۆراکیی لە پارێزگاکانی سنە، هورموزگان و سیستان و بەلوچستان بەرزتر لە ئاستی مامناوەندیی ئێرانە.
ئەم بابەتە غەزاڵ شەریعەت پەناهی، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی منداڵان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران باسی کردووە، بەڵام ئەو ئامارێکی لە کەمخۆراکی لە پارێزگای سنەدا ڕانەگەیاندووە.
یەکساڵ پێش فەرزام بیدارپوور، جێگری سەرۆکی زانکۆی پزشکیی سنە گوتی: لەم پارێزگایەدا 3 هەزار منداڵ کێشەی کەمخۆراکییان هەیە. بەڵام ئەم ئامارە لە ماوەی ئەم یەکساڵەدا کە نرخی خواردەمەنییەکان بەرزبووەتەوە، دەتوانێت زیاتریش بووبێت.
کۆتایی هاوینیش ڕێکخراوی بێهزیستی ئێران ڕاپۆرتێکی لەسەر کەمخۆراکیی بڵاوکردەوە کە پارێزگای #ئیلام# وەک یەکێک لە 6 پارێزگا کەمخۆراکییەکەی ئێران لە قەڵەم درابوو.
پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە هەموو ئەمساڵانەدا یەکێک لە پارێزگا یەکەمەکان لە ئێراندا بووە کە زیاترین ڕێژەی کەمیخۆراکیان هەیە. ئەم پارێزگایە یەکێک لە پارێزگا هەژار و هەرەپشتگوێخراوەکانە لە ئێران دا. بەپێی ئامارەکان نزیک بە 13 هەزار منداڵ لەم پارێزگایەدا تووشی کەمخۆراکین.
کەمخۆراکی لە کورت بوونی باڵا و لاوازی تاکەکاندا خۆی نیشان دەدات. غەزال شەریعەت پەناهی دەڵێ: لە هەندێ لە پارێزگاکانی ئێراندا ئەم دوو حاڵەتە هەردوویان هەن، بەڵام بەگشتی ساڵی 2017 ڕێژەی 3.8%ی کۆی خەڵکی ئێران لاواز و 4.6%یش باڵایان کورت بووە. کەمخۆراکی لەنێو منداڵاندا بەربڵاوترە.
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەردەوام ڕێژەی کەمخۆراکیی لەنێو دانیشتووانی ئێراندا کەم بووەتەوە. ساڵی 1995 کەمخۆراکی لەبواری کەمی کێشدا لەنێو منداڵانی کەمتر لە 5 ساڵ تەمەندا نزیک بە 17% بووە بەڵام ساڵی 2010 ئەمە بۆ 4% کەم بووەتەوە.
سەرەتای پاییز محەممەد نەفەرییە، بەڕێوەبەری بەشی منداڵانی ڕێکخراوی بێهزیستی ئێران، بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمخۆراکی منداڵان گوتی: ئەمساڵ 227 هەزار منداڵ لە باخچەکانی ساوایانی گوندەکان، ژەمێک خۆراکی #گەرمیان# پێدەدرێ. جگەلەمەش 50 تاوەکوو 75%ی باخچەی ساوایانی گەڕەکەکانی پەراوێزی شارەکانیش ئەو پرۆژەیە دەیانگرێتەوە.
هەروەها وەزارەتی تەندروستی ئێران، بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کەمیی ڤیتامین دی حەبی ئەم ڤیتامینە لەنێو ئاستە جیاوازە تەمەنییەکاندا بڵاودەکاتەوە.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان[1]
#06-12-2018#