بەڕێوەبەرانی هەردوو بەنداوی #دوکان# و #دەربەندیخان# ڕایدەگەیێنن، ئاستی ئاوی بەنداوەکانیان لە ماوەی دوو ڕۆژدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە بەجۆرێک لە ماوەی تەنیا دوو ڕۆژدا یەک مەتر ئاستی ئاوەکە بەرز بووەتەوە.
حەمەتاهیر جەلال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، تەنیا لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان یەک مەتر زیادیکردووە، بەنداوەکە نزیکەی 7 ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت، ئێستا 2 ملیار و 700ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
هەر پەیوەست بە زیادبوونی ڕێژەی ئاوی بەنداوەکان، ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، لای ئەوانیش لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە مەترێک ئاستی ئاوی بەنداوەکە بەرز بووەتەوە، بەنداوی دەربەندیخان 2ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت، ئێستا نزیکەی 1ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە. بەهۆی ئەو دۆخە تایبەتییەی بەنداوەکە هەیەتی دەتوانین تەنیا 400 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی دیکە عەمبار بکەین.
لە هەرێمی کوردستاندا 17بەنداوی گەورە و بچووک هەن؛ هەریەک لە بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان بە بەنداوە گەورەکانی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێن.
بەنداوی دووکان نزیکەی 7 ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت و بەنداوی دەربەندیخانیش 2 ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت، بەڵام بەهۆی بوومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردوو مەترسی لەسەر بەنداوی دەربەندیخان دروستبووە و ئێستا ئەگەر ئاوی پێویستیش هەبێت ناتوانن بەنداوەکە پڕ بکەن.[1]
#08-12-2018#