بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری هێزی #پێشمەرگە# ڕایگەیاند، لە سنووری گەرمەسێر #داعش# جموجۆڵی زیادیکردووە و ڕۆژانە هێرشدەکاتەسەر هێزە عێراقییەکان و ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوانیان ڕوودەدات.
مەحموود سەنگاوی، بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، داعش لە سنووری گەرمەسێر جموجۆڵی زیادیکردووە و ڕۆژانە لە دەورووبەری وادی سەلاب و حەدیدیە و چەند ناوچەیەکی دیکە هێرشدەکاتەسەر هێزە عێراقییەکان و ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوانیان ڕوودەدات، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فەرماندەی فەوجێکی هێزە عێراقییەکانیشیان کوشت.
مەحموود سەنگاوی گوتی: لە نزیکەی مانگێکدا داعش 142 هێرش و کردەی ئەنجامداوە، چونکە ئێستا داعش تەنها ئەو کەسانە نین کە چەکدارن و بە ئاشکرا لە حکومەت قاچاخن، بەڵکو زۆربەی چەکدارەکانی داعش خۆیان ڕادەستی هێزە عێراقییەکان کردووە و ئێستا لەنێو #حەشدی شەعبی# و چەند هێزێکی دیکەدان، بەڵکو بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە لەژێر ناوی داعشدا دژی کورد و دۆستەکانی، کردەی کوشتن و هێرشکردن ئەنجامدەدەن.
مەحموود سەنگاوی ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە عێراقییەکان ناتوانن سنووری نێوان #گەرمیان# و ناوچە عێراقییەکان کۆنترۆڵبکەن و ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ناوچەکە لەژێر دەستی پێشمەرگەدابوو هەرگیز بوار بە جموجۆڵی داعش نەدەدرا، لەبەرئەوە ئەوکاتە خەڵک هاوکاری هێزی پێشمەرگە بوو و بەردەوام زانیاری بە پێشمەرگە دەدا، بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی لەنێو هێزە عێراقییەکان و حەشد پێشێلکاری بەردەوام هەیە، هەرکەسێک زانیارییەکیان لەسەر داعش پێبگەیێنێت ئاشکرا دەبێت و ڕووبەڕووی کوشتن دەبێتەوە، لەبەرئەوە خەڵک ئامادەنییە زانیاری لەسەر داعش بدات.
سەبارەت بە هاوئاهەنگی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانیش، مەحموود سەنگاوی گوتی: هیچ هاوئاهەنگییەک لەنێوانماندا نییە، چونکە هێزە عێراقییەکان ویستیان پێشمەرگە تەنیا بۆ شەڕ و پێکدادان بەکاربهێنن و دواتر هیچ دەسەڵاتێکی نەبێت و ئێمەش بەوە ڕازی نەبووین.
مەحموود سەنگاوی کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیشە گوتی: لە ساڵی 2009 بە ئامادەیی ئەمریکا ڕێککەوتنێک لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا واژۆکراوە، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە کارابکرێتەوە، ئێمە ئامادەی هەموو هاوئاهەنگییەکین بۆ پاراستنی سنوورەکە، بەتایبەت سنووری #خانەقین# کە ئێستا 31 گوندی سنووری خانەقین لەبەر کردەوەکانی داعش چۆڵکراون.[1]
#10-12-2018#