بەرپرسی بەنداو و کۆگاکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەر سێ بەنداوە گەورەکە مەترێک ئاو تێیاندا زیادیکردووە و سەرجەم بەنداوە بچووک و مامناوەندییەکانیش پڕ ئاو بوون.
ئەکرەم ئەحمەد ڕەسووڵ، بەرپرسی بەنداو و کۆگاکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی ڕووداو)ی ڕاگەیاند، ئاوی کۆگاکراو لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و هەر سێ بەنداوە گەورەکە مەترێک ئاو تێیاندا زیادیکردووە و سەرجەم بەنداوە بچووک و مامناوەندییەکانیش پڕ ئاو بوون، هاوکات بڕێکی زۆریش ئاو بەهەدەرچووە بەرەو باشووری عێراق.
سێ بەنداوی گەورە لە هەرێمی کوردستاندا هەن. هەروەها 14 بەنداوی بچووک و مامناوەند هەن کە پڕ ئاو بوون. 20 بەنداوی دیکەش تاوەکو ئێستا کاریان تێدا دەکرێت و هێشتا تەواونەکراون.
بەنداوی ئەڵوەن ئاوی پێویست بۆ جووتیاران دابیندەکات
لە سنووری شارۆچکەی #خانەقین# نزیکەی 195 ملیمەتر باران باریووە. قایمقامی خانەقین دەڵێت: بەهۆی زۆری ڕێژەی بارانبارینەوە ئەمساڵ بەنداوی ئەڵوەن ئاوی پێویستی بۆ جووتیاران دابیندەکات.
محەمەد مەلا حەسەن، قایمقامی قەزای خانەقین بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، بەهۆی بارانبارینەوە بەنداوی ئەڵوەن پڕئاو بووە. تاوەکو مانگی 9ی 2019 بەشی باخ و کشتوکاڵی سنوورەکە دەکات. هەرچەندە دەبوایە زووتر دەست بە دروستکردنی بکرایە و لە بنەڕەتدا دەبوو بکرایە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام کارەکانی تەواونەبوون.
بەنداوی ئەڵوەن لە باکووری ڕۆژهەڵاتی قەزای خانەقینی سەر بە پارێزگای دیالە هەڵکەوتووە، لە ساڵی 2010ەوە لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە دروستکراوە.[1]
#10-12-2018#