روونکردنەوەیەک لە سکرتێری لقی #سلێمانی# سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ەوە
چەندین جارە کە ڕۆژنامەنووسەکانی سنووری لقەکەمان لەرێگەی پۆست و بڵاوکردنەوەی بۆچوونەکانیان لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە، بەیاسای ژمارە 6 ی ساڵی 2008 یان مادده و بڕگەکانی تری یاساکانی عیراق دادگایی دەکرێن و بەتایبەت ماددەی دوەمی مۆبایل کە دەستگیر کردن و دەستبەسەرکردنی تێدایە و دادوەرە بەڕێزەکان بە پەیرەوکردنی بڕگه و ماددەکانی ئەم یاسایە لەهەندێک حاڵەتدا کار دەکەن..
کێشەی ڕۆژنامەنووس #بەرهەم ساڵح# کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پۆستێکی لەسەر نەخۆشخانەی بەخشین بڵاوکردبوەوە و پاشان سڕیبوویەیوە، بەڵام پارێزەرانی نەخۆشخانەکە بەیاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنیەکان سکاڵایان لەسەر تۆمار کردبوو کە لە ڕاستیشدا وایه و لە یاسای ژمارە 35 ساڵی 2007 بەهیچ جۆرێک باس لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان نەکراوە، بۆیە دادگاکان بە ناچاری پەنا بۆ یاسایەک دەبەن کە پەیوەست نیە بە میدیاو میدیاکاران..
ئەمڕۆ سێشەممە 11/12 لەگەڵ نوێنەری یاسایی لقەکەمان پارێزەر شیلان عەزیز سەردانی بنکەکانی پۆلیس و دادوەری بەڕێزمان کردو لە بنەمای کێشەکەیان کۆڵیەوە کە بەرهەم ساڵح ڕاستە لە فەیسبووک نووسینی بڵاوکردوەتەوە بەڵام لەبەر ئەوەی :
یەکەم/ ڕۆژنامەنووسە و کاری ڕۆژنامەنووسی دەکات
دوەم/لە وردەکاری یاساو شێواز و ڕێساکانی یاسا بەرکارەکان شارەزا نەبوە..
بۆیە هیوادارین تەنها یاساکەیمان بۆ بگۆڕن بە یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی و بەکەفالەت بتوانین لە گرتن و گواستنەوە بیهێنینە دەرەوە ئەگینا دەبێت تا ڕۆژی 17 ی مانگ واتە یەک شەممەی داهاتوو لە زیندان بمێنێتەوە..
بە سوپاسەوە دادوەری بەڕێز بە سۆزو بەزەیی خۆی گوێی بۆ داواکاری پارێزەرو سکرتێری لقق گرتو وەک ڕۆژنامەنووسێک بەرهەم ساڵح ی ناوبرد و ماددەکەی بۆ کردەوە بە ڕۆژنامەگەری.. بۆیە عەسری ئەمڕۆ بە کەفالەت ئازاد کراو گەڕایەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆی..
بەداخەوە هەر ئەم ئێوارەیە هەواڵی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسێکی ترمان پێگەیشت بەناوی بەرزان ئەیوب کە لەسەر پۆستێکی تری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەستگیر کراوە بەڵام هێشتا نەچووینەتە ناو وردەکاری کێشەکەوە تا بزانین وردەکاریەکان چین..
لەسەروبەندی ئەم کەیسه و کەیسی پێشوومان و ئەوانەش کەلەداهاتوودا هاوشێوەن، چەند داوایەک لە ڕۆژنامەنووسە بەڕێزەکانمان دەکەین بەهیواین ڕەچاویان بکەن، تا ئێوەش و ئێمەش بتوانین کارەکان لەچوارچێوەی یاسادا چارەسەر بکەین:-
1- تا یاسایەیەک یان ڕێنمایی تایبەت بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەیکان دەردەچێت، هیوادارین کەناڵە ڕەسمیە مۆڵەتدارەکان بەکار بهێنن بۆ گەیاندنی بیرو بۆچوونەکانتان نەک تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.
2- بۆ ئەندامانی لقەکەمان و ئه و ڕۆژنامەنووسانەش کە کاری میدیا دەکەن و ئەندام نین، ئەگەر کەیسەکانتان پەیوەست بوو بە کاری میدیاییەوە تکایە سەندیکاو نوێنەری یاساییمان ئاگادار بکەنەوە تا لە وردەکاریی ئاگادار بین و کەیسەکانتان لەناو بنکەکانی پۆلیس و دادگاکاندا چارەسەر ببن..
3-ئەرکی سەرشانمانە بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان بکەین لەچوارچێوەی یاساو ڕێساکاندا، بەڵام بەداخەوە هەندێک کەناڵ و کەسو لایەن، ئه و کەیسانەی ئێوە دەقۆزنەوه و بە لا ڕێدا دەیانبەن بەمەبەستی تایبەتیی خۆیان، هاوکات کارەکەی ئێمه و کێشەکانی ئێوەش ئاڵۆزتر دەکەن..
4-کە ئەندامێکمان دەستگیر دەکرێت پێویستە هەوڵ بۆ ئازادکردنی بدەین لەچوارچێوەی یاسادا، نەک بە دەرکردنی بەیاننامه و دیداری میدیاییو بەلارێدا بردنی کەیسەکان، هاوکات بەناوی ڕەخنه و بەیاننامەوە هێرش بکرێتە سەر ئەم لایەن و ئه و لایەن، یان دادگاو بنکەکانی پۆلیس تۆمیتبار بکەن (ئەوەش بەمەبەستی تایبەتی خۆیان)..
5-داواکارین ئەندامان و ڕۆژنامەنووسانمان هەردوو یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی و یاسای بەدەستهێنانی زانیاری بخوێننەوە (بۆ ئەوانەی کە نەیانخوێندوەتەوە) تا لە بڵاوکردنەوەی بابەتەکاندا دووچاری ئه و حاڵەتانە نەبن وەک ئەوانەی لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا ڕوویاندا..
6-ماوەیەکە کەیسەکانتان ئەوەندە زۆر بوون وەختە بڵێم خەریکە فریای بەهاناوە چوونتان ناکەوین، چونکە لقی سلێمانی تەنها یەک پارێزەری خۆبەخشی هەیە کە نوێنەری یاسایی لقمان دەکات، ئەگەر کار وا بڕوات دەبێت ڕێگاچارەیەکی تر بدۆزینەوە..
7-بەمافی خۆمانی دەزانین بەناوی هەموومانەوە سوپاسی خوشکی پارێزەرمان شیلان عەزیز ڕەفیق بکەین کە زیاتر لە پێنج ساڵە خۆبەخشانە نوێنەرایەتی لقمان دەکات و سەرکەوتوانە کارەکانتان بۆ بەرێوە دەبات بەبێ هیچ بەرامبەرێک..
هیوادارین هەموو لایەک ساغ و سەلامەت بن
کاروان ئەنوەر
سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان
#11-12-2018#