دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
ئەمساڵ بۆ یەکەمجار 22 توێژەر لەسەر ئاستی کوردستان لەلایەن #وەزارەتی خوێندنی باڵا# دیاریکران. وەزیری خوێندنی باڵاش دەڵێت: توێژینەوەی مامۆستایانی هەرێم لە گۆڤارە جیهانییەکان بەڕێژەی 586% زیادیکردووە و له و گۆڤارانەشی کە ئیندێکس کراون 700% زیادیکردووە.
لە مەراسیمی دیاریکردنی توێژەرەکاندا، دکتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم ڕایگەیاند: ئەگەر بە وردی لە داتاکانی ڕیزبەندیی نیستمانی بڕوانین دەبینین بە بەراوردکردنی ساڵانی (2015 تا 2018) ژمارەی فاکتەری کاریگەری کۆکراوە لە بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارە زانستییە ئاستبەرزەکانی جیهاندا (Web of Science / ISI) بەرێژەی 586% زیادیکردوە و ژمارەی توێژینەوە بڵاوکراوەکان لەو گۆڤارانەی کە ئیندێکس کراون لە (Web of Science and Scopus) بەڕێژەی 700% زیادیکردوە.
وتیشی: یەکێک لەو شتانەی کە ئێستا ئێمە لە زانکۆکان ڕووبەڕووی دەبینەوە، دروستبونی هەندێک پەیوەندییە لەگەڵ هەندێک جۆرناڵ و دەزگای بەناو ئەکادیمی، بەڵام لە ڕاستیدا ساختە و فەیکە، ئەوەش دەبێتە کێشەیەکی گەورە بۆ مامۆستایان و ئەکادیمیان، بەڵام ئەم کێشەیە بە تەنیا لە هەرێمی کوردستاندا نییە، بەڵکو ئەگەر بە وردی سەیری دونیا بکەین دەبینین لە هەمو ئەو کۆمەڵگەیانە ئەو کێشەیە باوە کە هەوڵی کۆنتاکتکردن دەدەن لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەکادیمی.
لەبارەی شێوازی بەرزکردنەوەی کوالیتی توێژینەوەکان، وەزیری خوێندنی باڵا، وتی: ماوەی ساڵێکە وەزارەتەکەمان لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ وردبینی لەو توێژینەوانەی کە بۆ مەبەستی بەرزکردنەوەی پلەی زانستی پێشکەشکراون، پرسیار لەسەر ڕەسەنایەتی ئەو گۆڤارانە هەیە کە توێژینەوەکانیان تیادا بڵاوکراوەتەوە.
دکتۆر یوسف ئەوەشی خستەڕوو: ئەمساڵ لە زانکۆکانی کوردستان (461) توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارە زانستییە ئاستبەرزەکاندا بڵاوکراونەتەوە و تێکڕای فاکتەری کاریگەری توێژینەوە بڵاوکراوەکانیش گەیشتوەتە (1619)، هەروەها لە بواری زانستە سروشتی و تەتبیقییەکان (15) توێژەر و لە بواری زانستە مرۆڤایەتییەکانیش (7) توێژەر لە پلەی یەکەمدا بوون.
ناوی 22 توێژەرەکە:
1.کارزان عەبدولموحسین محەمەد
2.کاروان وەسمان قادر
3.شوجاعەدین بەکر عەزیز
4.ئیبراهیم خورشید
5.محەمەد سوجادی
6.ڕەمەزان عوسمان
7.هەکار عەبدولکەریم سەعید
8.نیضال عەبدولقادر محەمەد
9.هیوا عومەر ئەحمەد
10.کارزان وەکیل
11.هاوکار سالار ئەحمەد
12.سەروەر عەبدوڵلا
13.ئومێد ڕەحمانی
14.کیم فراسەر
15.زانا ئیبراهیم
16.ئادەم مایەر
17.جەی جۆزێڤ
18.ئەحمەد بایز ئەحمەد
19.حەسەن هادی عەبدوڵلا
20.هێشوو سلێمان ڕەحمان
21.ئومێد عەبدوڵا
22.نزار ڕەئوف عەبدوڵا[1]
#12-12-2018#