شەش ڕۆژە دەستەی گشتی گومرگەکانی عێراق، بڕیاری هەڵگرتنی خاڵە گومرگییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراقی داوە، بەڵام هێشتا گومرگەکان هەڵنەگیراون، سەرچاوەیەک داهاتی ڕۆژانەی گومرگی فایدە لە نێوان #دهۆک# و #موسڵ# بە یەک ملیار دینار دەخەمڵێنێ.
ساڵێک لەمەوبەر موسڵ بە تەواوی لە دەستی #داعش# دەرهێنرا، دوای شەش مانگ ڕێگای نێوان دهۆک و موسڵ کرایەوە، بەڵام تەنیا بۆ هاتن و چوونی هاووڵاتیان. لە مانگی حەوتی ئەمساڵ ڕێگاکە بەڕووی بازرگانانیشدا کرایەوە، بەڵام زۆری نەبرد حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بڕیاری دا بە دانانی سێ خاڵی گومرگی لەسەر ڕێگاکانی #هەولێر#، دهۆک و #سلێمانی#.
هەفتەی ڕابردوو دەستەی گشتی گومرگەکانی عێراق بڕیاری دا بە لابردنی هەرسێ خاڵە گومرگییەکە، بەڵام ئەو هێزانەی گومرگەکان بەڕێوەدەبەن، پابەند نەبوون بە بڕیاری دەستەکە و ئێستاش بەردەوامن لە وەرگرتنی گومرگ لەو بارهەڵگرانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە شارەکانی عێراق.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گومرگی دهۆک بە (رووداو)ی ڕاگەیاند: سێ ڕۆژ دوای بڕیارەکە بە پاساوی جیاجیا دەرگایان بەسەر هاتوچۆی بازرگانیدا داخست، بەڵام ئێستا شەوان ڕێگە بە بارهەڵگرەکان دەدەن و وەکو جاران گومرگ وەردەگرن.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت ئامانج لە دانانی ئەو خاڵە گومرگیانە لاوازکردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بوو، بەتایبەتی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، چونکە بازرگانان لە ئیبراهیم خەلیل گومرگ دەدەن و لە فایدەش دووبارە گومرگ دەدەن، بۆیە ئەوکات ناچار دەبن ئاراستەی کارەکانیان بۆ بەندەری ئوم قەسر لە بەسرە بگۆڕن.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، لەبارەی بڕی ئەو پارەیەی کە لە شوفێران وەردەگیرێ، دەڵێت: ڕۆژانە 500 بارهەڵگر کاڵا و کەلوپەلی خۆراک و بیناسازی دەگوازنەوە بۆ موسڵ، هەر ئۆتۆمبێلێک بە گوێرەی بارەکەی یەک تا سێ ملیۆن دیناری لێوەردەگیرێ. ئەمەش بە تێکڕا دەکاتە نزیکەی یەک ملیار دینار.
گوتیشی: جگە لە حکومەت چەند بەرپرسێکی ئیداری و سەربازی لە موسڵ سوود لەو پارەیە وەردەگرن، هەر لەبەر ئەوەش ئەو گومرگانە هەڵناگیرێن.
موسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 3 ملیۆن کەس دەبێ. ڕێگای دهۆک- موسڵ ڕێگایەکی ستراتیژییە، چونکە نزیکترین ڕێگایە کە تورکیا بە عێراقەوە دەبەستێتەوە.
پێشتر هەرێمی کوردستانیش گومرگی لەو بارهەڵگرانە وەردەگرت کە باریان دەبرد بۆ موسڵ، بەڵام سەرچاوەکەی گومرگی دهۆک دەڵێت دوای بڕیارەکەی دەستەی گشتی گومرگەکانی عێراق، ئێمە گومرگ وەرناگرین و تەنیا بارەکان دەپشکنین.
سەیدۆ چەتۆ، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت ئەوان هەر لەسەرەتاوە دژی دانانی ئەو خاڵە گومرگیانە بوون، چەندینجار بە نووسراوی فەرمیش داوای لابردنیان کردووە، ئێستا دەستەی گشتی گومرگەکانیش ئەو بڕیارەی داوە، بەڵام خاڵەکان هێشتا ماون. چەتۆ بە (رووداو)ی گوت :چەند بەرپرسی ئیداری موسڵ ناهێڵن بڕیارەکەی دەستەی گشتیی گومرگەکان جێبەجێ بکرێ، نووسراوێک بۆ پارێزگاری نەینەوا دەکەین بۆ ئەوەی بزانین بۆچی بڕیارەکە جێبەجێ ناکرێ.
موسڵ 50 کیلۆمەتر لە دهۆک دوورە. سوودمەندی یەکەم لە هەڵگرتنی ئەو خاڵە گومرگیانە، بازرگانانی دهۆکن کە بەپێی ئاماری ژووری بازرگانیی دهۆک، پێش شەڕی داعش 160 کۆمپانیای دهۆک، نووسینگەیان لەشاری موسڵ هەبووە. ئێستاش چاویان لەوەیە بەشدارییەکی کارایان لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا هەبێ.
ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی دهۆک دەڵێت: وەرگرتنی گومرگ لە فایدە کاریگەری خراپی لەسەر بازرگانیی لە دهۆک هەبووە، چونکە بازرگانان دەبێ دووجار گومرگ بدەن، جارێک لە ئیبراهیم خەلیل و جارێکیش لە فایدە، ئەمەش جموجۆڵی بازرگانی لەنێوان دهۆک و موسڵ زۆر کەم کردووەتەوە.[1]
#12-12-2018#