تەنیا لەم ساڵدا عێراق 951 ملیار دینار قەرزداری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە، ئەوەش پارەی سێ مانگی 317 ملیار دینارەکەیە، کە لە مانگەکانی 1 و 2 و 3ی ئەمساڵ بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە.
د.ئەحمەد سەفار، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، پێش کۆتایی ئەمساڵ دەست بە گوشارەکانیان دەکەن بۆ هێنانی ئەو 951 ملیار دینارە بۆ کوردستان و دەشڵێت: لەسەر ئەو بنەمایەی کە ڕێککەوتن لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە کە مانگانە بەغدا 317 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت دەست بە گوشارەکانمان دەکەین، چونکە عێراق ئەو پارەیەی لە مانگەکانی 1 و 2 و 3 نەناردووە.
ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، پێش کۆتایی ئەمساڵ فشارەکانیان چڕدەکەنەوە، چونکە وەک دەڵێت: ئەگەر بکەوێتە ساڵی ئایندە پێدانی ئەو پارەیە زۆر قورس دەبێت، بۆیە لەگەڵ بەڕێز فوئاد، حوسێن وەزیری دارایی دەست بە گوشارەکانمان دەکەین پێش کۆتایی ئەمساڵ ئەو 951 ملیار دینارە بگاتە کوردستان.
بەپێی ڕێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2018دا، دەبێت بەغدا مانگانە بڕی 317 ملیار دینار پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام عێراق ئەو بڕە پارەیەی لە مانگەکانی 1 و 2 و 3 بۆ هەرێمی کوردستان نەنارد.
بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، #وەزارەتی دارایی# ئێستا مانگانە نزیکەی 725 ملیار دیناری پێویستە، لەو پارەیەش 317 ملیار دیناری حکومەتی عێراق دەینێرێت و 378 ملیار دیناریشی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دابینیدەکات و ئەوی دەمێنێتەوە لە داهاتی ناوخۆ پەیدا دەکرێت.[1]
#12-12-2018#