ئەگەر نەگەیشتییە کوێستانێ، هەڕوە دەربەندی گۆمەسپانێ
وتراویشە: #ئەگەر نەگەیشتییە کوێستانێ هەڕوە سەروچاوی کانیێ ئاریانێ#، پشتی زنجیرە چیایەکانی (هەیبەسوڵتان و باواجی و کێشکە و سەفین) واتە بۆ باکوور-یان لە کوردستاندا پێی دەوترێت (کوێستان) کەبارانی ساڵانەی مسۆگەرە و لە (500)ملیمەتر کەمتر نابارێت و ناوچەی بەرز و سەرکەشن و باراناوی و فێنکن، بەڵام بۆ باشووری ئەم ڕەوەزشاخە چیاییانە دەبێتە (گەرمێن-گەرمیان) و بارانی ساڵانەی نامسۆگەرە و ڕێژەی بارانی ساڵانەی خۆی دەدات لە (200)ملیمەتر بەتێکڕای ساڵانە و کەم باران و وشک و گەرمن، ئینجا لەنێوان (کێشکە و سەفین) دەربەندی (زیارەت و گۆمەسپانێ) هەیە و بەردەوام بێ کزەی کوێستان و نمەباران و چۆڕاگەی بەفرێ نابێت و نەرمەبایەک و جارجارەش ڕەشەبایەکی نێوان بەرزی چیاکان و پێدەشتی دامێنی چیاکانی هەیە و ساڵانی بەباران و زەنەباران دەبێتە زەنەک و مێرگ و گژوگیایەکی باش و ئاو ولەوەڕێکی باشی لێ دەڕسکێ و شوانکارەکانیش مەڕو ماڵەتەکانیان تێر لە گژوگیا و ئاو دەخۆنەوە، ئەم دەربەندە ئەم خاسییەتانەی کەهەیەتی نزیکە لە خاسییەت و تایبەتمەندی کوێستانان بۆیە لە کوردەواری شاری پیرە #هەولێر#ێ دەوترێت: (ئەگەر نەگەیشتییە کوێستانێ، هەڕوە دەربەندی گۆمەسپانێ).[1]