دواڕۆژ
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا 16ی کانونی یەکەمی 2018، بڕیایدا بە خەرجکردنی شایستەی دارایی گروپی کۆمپانیاکانی (MASS GROUP HOLDING)ی نێودەوڵەتی کە بە مادەی نەوتی ڕەش و بە نرخی بازاڕەکانی جیهان شایستەکەی بۆ خەرجکراوە، هەروەها پارەکەش بەگوێرەی گرێبەستێک خەرجکراوە کە ساڵی 2017 لەگەڵیدا واژۆکراوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا کە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بڵاویکردوەتەوە، ڕایگەیاندوە: خەرجکردنی ئه و شایستە داراییە لەسەر ڕاسپاردەی لیژنەی وزە بووە کە بڕەکەی 44.2 ملیۆن دۆلارە.
رونیشیکردوەتەوە: ئه و پارەیەی کۆمپانیای (MASS) لەئەستۆی وەزارەتی کارەبایە، بەومەرجەش کە دوابەشی شایستە داراییەکە لە پرۆژیاسای بودجەی ساڵی 2019 تەرخان بکرێت.
بەپێی بەیاننامەکە، ئەنجومەنی وەزیران، دەسەڵاتی ئەنجامدانی گرێبەستی داوە بە #وەزارەتی بازرگانی# بۆ دابینکردنی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان، تا کۆتایی ساڵی دارایی ئەمساڵ 31ی کانوونی یەکەمی 2018.
کۆمپانیای (MASS) لە بوارەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و چیمەنتۆ و ئاسن کاردەکات، لەبواری کارەبادا بەسیستەمی (BOO) توانای 7100 مێگاوات کارەبای هەیە و 3000 مێگاوات لەشاری بەغدا بەرهەمدەهێنێت و 4100 مێگاواتیش لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ 100 مێگاوات کارەبا لە وزەی (با) لە وڵاتی ئەردەن، بارەگای سەرەکی لە هەرێمی کوردستانە.
ئا: سیروان محەمەد[1]
#16-12-2018#