دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
بەپێی ڕووپێوییەک کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی هەرێم ئەنجامدراوە، نزیکەی 96%ی منداڵانی هەرێم لە خوێندنگەکانی سەرەتایی دەخوێنن و 67%یشیان لە خوێندنی ناوەندی دەوام دەکەن، ڕێژەی منداڵیش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبۆتەوە و وەزیری پلاندانانی هەرێمیش دەڵێت: ژمارەی دانیشتووانی هەرێم بە ئاوارەکانیشەوە گەیشتۆتە نزیکەی حەوت ملیۆن کەس.
ئەمڕۆ دووشەممە 17ی کانونی یەکەمی 2018، وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکدا ڕووپێوی ڕەوشی تەندروستی و پەروەردەیی هەرێمی ڕاگەیاند.
لەسەرەتای کۆنفراسەکەدا، عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێم لە وتارێکیدا ئاماژەی بەوەکرد: لەگەڵ ئەوەی هەرێم تووشی قەیرانێکی سەختی دارایی بووەوە، بەڵام ڕەوشی تەندروستی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی هەرێم بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق زۆرباشە و ساڵ بە ساڵ لە گەشەسەندنی بەردەوامدایە.
وتیشی: بەپێی دواین ڕووپێو کە وەزارەتی پلاندانان ئەنجامیداوە، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە نزیکەی حەوت ملیۆن کەس کە پێش هاتنی ئاوارەکان پێنج ملیۆن کەس بووە.
بەپێی ڕووپێوییەکەی وەزارەتی پلاندانان، هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی باش لە بوارەکانی ئاو، ئاوەڕۆ و خزمەتگوزاری سەرەتایی و بوارەکانی خوێندن و کۆمەڵایەتی بەرەوپێش چووە.
له و ڕوپێوییەی وەزارەتی پلاندانان، ئاماژە بەوەشکراوە: نزیکەی 96%ی منداڵانی هەرێم لە خوێندنگە سەرەتاییەکان دەخوێنن، هەروەها 67%یشیان لە خوێندنگە ناوەندییەکان و ئامادەییەکان دەخوێنن کە بەراورد بە پارێزگاکانی عێراق زۆر زیاترە، چونکە لە عێراق تەنیا 37%ی ئه و خێزانانەی کە باروگوزەرانیان باشە دەتوانن خوێندن تەواوبکەن.
روپێوییەکەی وەزارەتی پلاندانان دەریخستووە: ڕێژەی مردنی ئه و منداڵانە کە لە مانگی یەکەمی تەمەنیاندان، بۆ 17 لەکۆی هەزار منداڵ کەمبۆتەوە کە ساڵانی پێشوو لەکۆی هەزار منداڵ 32یان له و تەمەنەدا دەمردن.
لەبارەی گەیشتنی ئاو بە هاووڵاتیان، ڕوپێوییەکەی وەزارەتی پلاندانان دەڵێت: هەرچەندە سیستمی ئاو و ئاوەڕۆ گرفتی هەیە، بەڵام 98%ی هاووڵاتیانی هەرێم له و سیستمە سودمەندبوون.
روپێوییەکەی وەزارەتی پلاندانان لەمساڵدا و بەشێوەیەکی مەیدانی لەسەرجەم ناوچەکانی کوردستان کۆکراوەتەوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ دوو هەزار و 60 ماڵ کراوە.
هاوکات سیراون محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی ئاماری هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئەمساڵ وەزارەتی پلاندانان بەهاوکاری ڕێکخراوی یونسێف دوو ڕوپێوی تایبەت بە زانینی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی ئەنجامداوە و خۆشبەختانە ڕوپێوییەکانی ئەنجامی باشی هەبووە و خزمەتگوزارییەکان بەشێوەیەکی باش دەگەنە هاووڵاتیان و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیش لەلایەن حکومەتەوە دەدرێت.[1]
#17-12-2018#