لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵەوە چەند گروپێکی بەرژەوەندیخواز دەستیان بە بڕینەوەی داری دارستانەکانی زاگرۆس کردووە و دارەکان لە دوای بڕینەوەیان ڕەوانەی کارگەکانی دروستکردنی کاغەز لە باکووری ئێران دەکرێن. سەرباری هۆشداریی ژینگەپارێزان و کاردانەوە و ناڕەزایەتی ئەو دیاردەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەڵام بەرپرسانی دام و دەزگاکانی دەوڵەت بۆ ڕێگریکردن لەو دیاردەیە هیچ کارێکیان ئەنجام نەداوە.
تاڵاکردنی داری دارستانەکانی زاگرۆس لە کاتێکدایە، کە ڕژێمی ئێران بڕینەوەی داری دارستانەکانی باکووری ئێرانی بۆ دروستکردنی کاغەز قەدەغە کردووە.
بۆ ئیدانەکردنی بڕینەوە و لە ناوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان و ڕۆشنبیرییەکانی #مەریوان# لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە دەرکردنی چەند ڕاگەیاندراوێک نیگەرانیی خۆیان لە بڕینەوە و لە ناوبردنی دارستانەکان خستەڕوو و داوایانکردووە کۆتایی بە لەناوبردنی دارستانەکان بهێنرێت.
ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان، کانوونی فەرهەنگی هونەریی ڤەژین لە مەریوان، ئەنجوومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان، ئەنجوومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی ڕۆجیار و یەکێتیی مامۆستایانی ئایینیی مەریوان و هەورامان (یەمامە) چەند ڕاگەیاندراوی جیاجیادا داوای کۆتایهێنانیان بە بڕینەوەی داری دارستانەکان کردووە.
ئەو ڕێکخراوانە وێڕای نیگەرانییان بەرامبەر بە بڕینەوە و لە ناوبردنی داری دارستانەکان ڕایانگەیاندووە، ئەو کارە لەلایەنکەسانێکی بەرژەوەندیخواز و هەلپەرست و مافیاوەوە ئەنجام دەدرێت و بێدەنگیی سەیری دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانیش بە پیشەی ئاساییان ناو بردووە.
ئەنجوومەنی ڤەژین ڕایگەیاندووە سەبرمان کۆتایی پێهاتووە و بە توندی هۆشداری دەدەین لەباەری بەردەوامیدان بەو دۆخە خراپە. لە سۆنگەی هەستمان بە بەرپرسیارێتی لەبارەی داهاتووی ئەم نیشتمانەوە بە ڕوونی و ڕاشکاوانە ڕایدەگەیەنین، لە بەردەوامیدان بە لەناوبردنی دارستانەکان و لەوەڕگەکان بێدەنگ نابین و هەموو توانا یاساییەکانی خۆمان بۆ ڕاوەستاندنی ئەو تاوانە ئاشکرایە و ڕیسواکردنی ئەنجامدەرانی، دەخەینە کار. ئەو کارەی تاڵانکارەکان و بێدەنگیی بەشێک لە بەرپرسان سەرەتاییەکە بۆ لەناوبردنی داهاتوو و سامانی ئەم نیشتمانە.
ئەنجوومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوانیش بە ئیدانەکردنی بڕینەوە و لە ناوبردنی ئەو سامانە سروشتییە داوایکردووە، بەخێرایی کۆتایی بە بڕینەوەی داری دارستانەکان بهێنرێت.
ئەنجوومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی ڕۆجیاریش لە ڕاگەیاندراوێکدا هۆشداریی توندی لەبارەی تاڵانکردنی سەرچاوە سروشتییەکانی زاگرۆسەوە داوە. ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر بەرپرسان ودام و دەزگا پەیوەندیدارەکان لە بەرامبەر تاڵانکردنی دارستانەکانی هەورامان و مەریوان لەلایەن مافیاکانی دار و تاڵانکارانەوە ڕانەوەستن و ڕێگرییان لێ نەکەن، ڕێگای تر دەگرنە بەر.
یەکێتیی مامۆستایانی ئایینیی مەریوان و هەورامان (یەمامە)ش ڕایانگەیاندووە، بەپێی فەرمودەکانی خوداوەند، ئەو کەسانەی سروشت و سەرچاوەکانی لەناو ببەن، ئەو کەسانەن کە دەیانەوێت ئاوەدانی و ئارامی لە ناو ببەن، بۆیە داوایانکردووە ڕێگری لە بڕینەوە و تاڵانکردنی داری دارستانەکان و سەرچاوە سروشتییەکان بکرێت.
ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوانیش لە ڕاگەیاندراوێکدا نیگەرانیی قوڵی خۆی لە بڕینەوە و تاڵانکردنی داری دارستانەکان خستووەتە ڕوو و داوایکردووە بە خێرایی ڕێگری لەو تاڵانکارییە بکرێت.[1]
#17-12-2018#