دواڕۆژ، نوسینگەی #هەولێر#
بەپێی ئامارەکان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 17 هەزار هەنگەوان سەرقاڵی پەروەردەکردنی زیاتر لە 450 هەزار پوورەی هەنگن و سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستانیش ئاماژەبەوەدەکات: ژینگەی کوردستان گونجاوە بۆ پەرەپێدانی زیاتر به و کەرتە.
عوسمان حسین، سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: کەشوهەوای هەرێمی کوردستان بۆ بەخێوکردنی هەنگ زۆر گونجاوە و ئەمەش وایکردووە هەنگوینی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە پلەی یەکەم و دووەم بەدەستبهێنێت، بەبەراورد بە بەرهەمی بیانیش نرخی بەرزترە و جۆرەکەی باشتر و تەندروستترە.
ئاماژەی بەوەشکرد: لە ساڵانی ڕابردوودا بەسەدان تۆن هەنگوین بەرهەم هاتووە له و بڕەش بەشێکی هەناردەی دەرەوە کراوە، چونکە هەنگوینی کوردستان سروشتییه و ماددەی کیمیایی و دیکەی تێنەکراوە.
وتیشی: بەرهەمی هەنگوین کوردستان گونجاوە بەتایبەت کوێستانەکان، کە لەساڵی 2008 لە پێشبڕکێیەکدا لە بواری هەنگەوانی و هەنگوین لە وڵاتی فەڕەنسا بەڕێوەچوو توانیمان پلەی یەکەم بەدەست بێنین.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەهەرێمی کوردستان زیاتر لە 450 هەزار پوورهەنگ، لەلایەن 17 هەزار کەسەوە پەروەردەکراون، ساڵانەش نزیکەی 800 تۆن هەنگوین بەرهەم دەهێنرێت، پلانی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەیە تا دوو ساڵی داهاتوو بەرهەمی هەنگوینی ناوخۆ بگەیەندرێتە 1000 تۆن، بۆ ئەم مەبەستەش چەند هاوکارییەکی هەنگەوانانیان کردوە، وەک کڕینی پێداویستییەکانی هەنگەوانی بۆ هەنگەوانان، ئەنجامدانی خولی مەشق و ڕاهێنان و پێدانی قەرزی کشتوکاڵی بە هەنگەوانان.
پێداچوونەوە: سیروان محەمەد[1]
#18-12-2018#