دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
بەوتەی جوتیارانی دەشتی #شارەزوور# بڵاوبوونەوەی جۆرە کرمێک بووەتە هۆی مەترسی ڕاستەقینە لەسەر بەرووبوومی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران، بەرپرسانی کشتوکاڵی ناوچەکەش دەڵێن: بەهۆی قەیرانی دارایی ناتوانن دەرمانی قڕکەر بۆ جوتیاران دابینبکەن.
عەزیز محەمەد، یەکێک لە جوتیارانی گوندی موان، لە سنوری شارۆچکەی سەیدسادق بەدواڕۆژی وت: ئەمساڵ بەڕێژەیەکی زۆر جۆرە کرمێک، کە بە (کرمی کێڵگەی گەنم) ناسراوە، بڵاوبوەتەوە بەشێوەيەک لە ڕووبەری 300 مەتر زەویدا زیاد لە 200 جۆر له و کرمە دەبینرێت و هەموو زەوییەکە کشتوکاڵییەکانی سنورەکەی داپۆشیووە، بۆیە ئەگەر بەپەلە چارەسەرێکی نەکرێت، بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی سنورەکە لە ئاستێکی زۆر خراپدا دەبێت.
وتيشی، ئه و جۆرە کرمە دەبێتەهۆی لە ناوبردنی ڕەگی گەنمەکە و دواجار گەنمەکە وشکدەکات و بەم جۆرە شتێک نامێنێت لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان، هەروەها ئەم جۆرە کرمە لە کۆتایی وەرزی پایز و سەرەتای وەرزی زستان پەیدادەبێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش بەشێوەیەکی زۆر خێرا گەشە دەکەن.
ئه و جوتیارە داواکاربوو لە هەردوو حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان کە هەڵمەتێکی نيشتیمانی گەورە بۆ لەناوبردنی ئه و جۆرە کرمە دەستپێبکەن، چونکە ئەگەر بەهانای جوتیارانەوە نەیەن ئەوا پێناچێت ئەمساڵ دەشتی شارەزوور بەرهەمی گەنمی هەبێت.
لای خۆیەوە عوسمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سەیدسادق بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: هۆکاری زیادبوون و بڵاوبوونەوەی (کرمی کێڵگەی گەنم) بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ماوەی چەند ساڵێکە وەزارەتی کشتوکاڵ هیچ هەڵمەتێکی بۆ قەڵاچۆکردنی کرم و مێرووە زیانبەخشەکانی کشتوکاڵی ئەنجام نەداوە، بۆیە ئەمساڵ بەشێوەیەکی فراوانتر کرمەکە بڵاوبووەتەوە و زیانێکی زۆریش بە بەرهەمی گەنمی جوتیاران دەگەیەنێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لای خۆمانەوە بە نوسراوی فەرمی بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی #سلێمانی#مان لە بوون و مەترسییەکانی ئه و جۆرە کرمە ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانین بڕی دەرمانی پێویست بۆ قەڵاچۆکردنی بۆ سەرجەم جوتیارانی سنورەکە دابینبکەین، چونکە لە سنوری ئێمەدا زیاد لە 100 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێنراوە، ساڵی ڕابردووش بڕی 60 هەزار تۆن گەنم بەرهەم هێنراوە.
پێداچوونەوە: سیروان محەمەد[1]
#18-12-2018#