دواڕۆژ، ئاکۆ حەمەد ڕابی
شوێنی جوگرافی قەزاکانی دەڤەری #سۆران# هۆکاری سەرەکییە بۆ بڵاوبونەوە و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لەو سنورەدا، ئاسایشی شارۆچکەی سۆران ئاشکرای دەکات: کە لەماوەی ساڵی 2018دا 140 کیلۆ ماددەی هۆشبەر و چەند باندێکی بازرگانیکردن بەو ماددەیەوە دەستگیرکراون و ڕادەستی یاسا کراون.
$شوێنی جوگرافی سۆران هۆکاری سەرەکی بڵاوبونەوەی ماددەی هۆشبەرە بە بەرفراوانی$
دەڤەری سۆران خۆی لە چوار قەزا دەبینێتەوە کە پێکدێن لە سۆران، #چۆمان#، مێرگەسور و #ڕواندز#، سەنتەری ئەو دەڤەرە قەزای سۆرانە، شارەدێی حاجی ئۆمەرانی سەر بەقەزای چۆمان هاوسنوری کۆماری ئیسلامی ئێرانە، ناحیەی #سیدەکان#ی سەر بەقەزای سۆران، هاوسنوری هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێرانە، لەلایەکی دیکەوە قەزای مێرگەسور هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی تورکیا، هەڵکەوتە و جوگرافیای ئەو دەڤەرە کە هاوسنوری نێوان هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێرانە، هۆکاری سەرەکییە بۆ بڵاوبونەوەی ماددەی هۆشبەر لە دەڤەری سۆران و کوردستانیش، بە جۆرێک دەڤەری سۆران وەک پردێک وایە کە لە ژێرەوەی پردەکە گەنج ئالودەی ماددەی هۆشبەر دەبێت و لە سەری پردەکەشەوە، ماددەی هۆشبەر دەگوازرێتەوە و بازرگانی پێوەدەکرێت.
سەرچاوەیەکی ئاسایش لە قەزای سۆران کە نەیویست ئاماژە بەناوەکەی بدرێت بەدواڕۆژی وت: زۆربەی ئەو ماددە هۆشبەرەی کە دەهێنرێتە ئەو دەڤەرەوە تەنانەت کوردستانیش، لە ئێرانەوە دێت، زۆرجاریش لە تورکیاوە دێت، بەڵام بەشی هەرە زۆری لە وڵاتی ئێرانەوە دێتە ئەو سنورە.
وتیشی: زۆرجار ئەو ماددە هۆشبەرە لە ئێرانەوە دەبرێتە تورکیا و پاشان دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان، زۆرجاریش بە پێچەوانەوە لە ئێرانەوە دەهێنرێتە دەڤەری سۆران و پاشان دەبرێتە وڵاتی تورکیا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دواڕۆژ کەوتون، زۆرجار ئەو ماددە هۆشبەرانە لە دەروازەی حاجی ئۆمەران و ناوچە سنورییەکانی سیدەکان و مێرگەسور دەستی بەسەردا دەگیرێت و هەندێک کاتیش لە نێو سەنتەری قەزای سۆران دەستی بەسەردا دەگیرێت.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکانی ئاسایشی بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سۆران، زۆجار ئەو ماددە هۆشبەرە بە ڕێگەی قاچاغ و لەناوچە شاخاوییە سنورییەکان، یاخود لەڕێگەی #کۆڵبەر#ییەوە دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان، : مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ کەسێک دەسگیرکرا کە بەڕێگەی کۆڵبەرییەوە نزیکەی 30 کیلۆ ماددەی هۆشبەری هێنابوە سنوری قەزای چۆمان، لە مانگی تشرینی یەکەمیش هاووڵاتییەک دەستگیرکرا کە لە نێو تانکی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکەی بڕی پێنج کیلۆ ماددەی هۆشبەری حەشاردابوو.
$لەماوەی کەمتر لە ساڵێکدا 140کیلۆ ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە$
بەپێی ئامارێک کە بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سۆران لە سەرەتای ئەم مانگەوە بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی پارتی و نزیک لەو حیزبەی ئاشکرا کرد: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکو سەرەتای مانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵ، 140 کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە سنوری دەڤەری سۆران دەستی بەسەردا گیراوە، بەجۆرێک نزیکەی هەشتا کیلۆ لەو ماددەی هۆشبەرە جۆری هیرۆیین بووە کە هێزە ئەمنییەکانی سۆران دەستیان بەسەردا گرتوە.
باندەکان کێیان لە پشتە؟
بە پێی ئەو ڕاگەیەنراوانەی کە ئاسایشی بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سۆران لە ڕابردودا بڵاویان کردۆتەوە، زۆربەی ئەو کەسانەی بازرگانیان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردوە، خەڵکی سۆران، #زاخۆ#، پشدەر و بیتوێن، هاەوڵاتی ئێرانی و تورکیشی تێدا بووە.
زۆر کات ئاسایش بە بیانوی تەواو نەبوونی لێکۆڵینەوە و دروست نەبونی کاریگەری لەسەر ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان، ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا ناکات کە لە باندەکانەوە دەسگیرکراون، ئەمەش گومانی ئەوە دروستدەکات کە ڕەنگە کەسانێک هەبن کە دەسەڵاتدار بن و هاوکار و کارئاسانی بۆ مامەڵەکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە بکەن یان خۆیان دەستیان لە بازرگانیکردن بەو ماددانەوە هەبێت و لەو بابەتەوە تێوەگلابن.
مافی مرۆڤی سۆران هۆشداری دەدات
جەواد سوار، بەرپرسی نووسینگەی مافی مرۆڤی سۆران لە لێدوانێکدا بەدواڕۆژی وت: هەرچەندە دەزگا ئەمنییەکانی ئەو سنورە زۆر چاوکراوەن و بەردەوام باندی مامەڵەکردن بە باندی هۆشبەر دەستگیر دەکەن، بەڵام ڕەنگە نیوەی ئەو ماددەیەش کە دەستی بەسەردا دەگرن، ڕەنگە بە ئەندازەی ئەو ڕێژەیەش نەتوانن دەستی بەسەردا بگرن، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئەو سنورە و وا دەکات ڕێژەی بەکارهێنان لە نێو گەنجان بەرزبێتەوە.
$بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە شەڕی #داعش# گرنگترە$
عەمید سەدیق خۆرکی، بەڕێوەبەری ئاسایشی سۆران بە میدیاکانی نزیک لە حیزبەکەی ڕاگەیاندووە: کە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و ڕێگەگرتن لە بڵاوبونەوەی ئەو ماددە هۆشبەرانە زۆر لە بەرەنگاربونەوەی شەڕی داعش گرنگترە، چونگە بە بڕوای ئەو بەرپرسە ئەمنییەی دەڤەری سۆران، هەرگەنجێگ توشی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بوەوە گەڕانەوەی بۆ نێو خانەوادە و کۆمەڵگە سەخت و دژوار دەبێت و هەرگیز نابێتەوە ئەو مرۆڤەی جاران و بە زەحمەت دێتەوە سەر خۆی.
غەریب حسێن، توێژەری دەرونی لەبارەی زیانە دەرونییەکانی ماددەی هۆشبەر بەدواڕۆژی وت : بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر توشی گرفتی جۆراوجۆر دەبنەوە وەک لەبیرچوونەوە، خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، وەهمی بەدگومانی سایکۆسیس، توانای سێکسی نامێنێت و گومانی خراپ بە خێزانەکەی دەبات.
وتیشی:کەسی توشبوو بە ماددەی هۆشبەر هەمیشە ڕەفتاری نابەجێ دەکات و شیرازەی خێزان تێکدەدات و دوچاری گۆشەگیریەکی سەخت وبەردەوام دەبێت و وردە وردەش توانا جەستەییەکانی لەدەستدەدات و دوچاری چەندین نەخۆشی دەرونی و جەستەیی دەبێتەوە بە تایبەتی نەخۆشی مێشک و کۆئەندامی دەمار و گەدە.
ئەو توێژەرە دەروونییە ئاماژەی بەوەشدا : بۆ ڕێگە گرتن لەو دیاردە مەترسیدارە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان چاوکراوەتر بن لە ڕێگریکردن لە ماددە هۆشبەرەکان.
ڕونیشیکردەوە: کە پێویستە سەنتەر و شوێنی تایبەت بە کەسانی ئالودەبوو بە ماددەی هۆشبەر بکرێتەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەو سەنتەرەوە چارەسەری دەرونی و تەندروستی وەربگرن و کەسانی پسپۆر ئەو چارەسەرییە لە ئەستۆ بگرن.
ئاماژەی بەوەشدا: کە دەزگا ڕاگەیاندنەکان ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و باسکردنی زیانەکانی ئەو ماددە مەترسیدارانەی کە ژیانی گەنج و بەکارهێنەران بە تەواوی وێران دەکەن.
دواڕۆژ هەوڵیدا ئاماری ڕێژەی بەکارهێنانی ئەو ماددەیە لە نێو گەنجاندا وەربگرێت، بەڵام دوای بەدواداچون دەرکەوت کە هیچ ڕێژەیەکی ڕەسمی لای دامودەزگا پەیوەندیدارەکان تایبەت بەو پرسە نیە، تەنها ئەوەندە نەبێت کە ئاسایشی سۆران بەردەوام بەکارهێنەران و ئەو کەسانەی مامەڵەی پێوە دەکەن دەستگیریان دەکات. بە گوێرەی ئامارێک کە بنکەی ئاسایشی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سۆران، حاجی ئۆمەران و زاخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بڵاوبۆتەوە، لەماوەی کەمتر لەیەک ساڵدا 600 کەس لەو سێ ناوچەیە بە بیانوی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بەو جۆرە ماددەیەوە دەستگیرکراون.[1]
#19-12-2018#