دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
وتەبێژی #وەزارەتی کشتوکاڵ#ی هەرێم ڕایدەگەیەنێت: سەرجەم پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لە پارێزگاکانی هەرێم بەگەڕدەخرێنەوه و بڕی 30 ملیار دیناریش لەلایەن حکومەتی هەرێم تەرخانکراوە.
بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێم زیاتر لە 50 پڕۆژەی کشتوکاڵ لەپارێزگاکانی #هەولێر#، #سلێمانی#، #دهۆک# و #هەڵەبجە# لەکارکەوتوون، لەوبارەیەوە ماجید دەباغ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئەنجومەنی وەزیران بڕی 30 ملیار دیناری بۆ بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان تەرخانکردووە.
وتیشی: لەگەڵ #وەزارەتی دارایی# کۆبوونەوەمان کردووه و لیستی پڕۆژەکانمان پێداون و بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو بەپێی پارەی تەرخانکراو، پڕۆژەکەمان بەگەڕبخرێنەوە.
بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئاماژەی بەوەشکرد: بەدەستپێکردنەوەی پڕۆژەکان داهاتێکی دیکە بۆ هەرێم زیاد دەبێت.
جگە له و پارەیەی بۆ پڕۆژە کشتوکاڵییەکان تەرخانکراوە، چەند ڕێکخراو و وڵاتێک پڕۆژەی کشتوکاڵی لە هەرێم جێبەجێدەکەن، لەوانە ڕێکخراوی یوئێن دی پی سێ پڕۆژە لەبارەی بە بازاڕکردنی بەرهەم و چنینەوەی بەرهەم بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ جێبەجێ دەکەن، هەروەها هۆڵەندا بودجە بۆ چوار پڕۆژەی کشتوکاڵی لەهەرێم دابیندەکات.
پ/ سیروان محەمەد[1]
#20-12-2018#