دروستبوونی دەوڵەت لە هۆزێکەوە دەست پێ دەکات
“ئەو خەونەی بووە ڕاستی” نموونەی ڕۆمانی پەروەردەیی
سەنگەر زراری
ڕەنگە زۆربەی ئەوانەی ناوی (دەوڵەتی عوسمانی)یان بیستووە و شتێکیان لەبارەی هەندێ لە سوڵتانەکانی ئەو دەوڵەتە خوێندووەتەوە، ئەوە نەزانن کە دروستبوونی ئەم دەوڵەتە، کە لە سەردەمێکدا گەورەترین دەوڵەتی دنیا بووە، لە هۆزێکی کۆچەرییەوە دەستی پێکردووە، سووربوونی ئەم هۆزە کۆچەرییە لەسەر ئەوەی کە نابێ چیتر لەلایەن میرنشین و هۆزەکانی دەوروبەریانەوە زوڵمیان لێ بکرێ و بەڕێوە ببرێن، بووە هۆی دروستبوونی ئەم دەوڵەتە زلهێزەی دنیا. ئەم هۆزە ئیرادەیان هەبوو و سووریش بوون لەسەر ئەوەی کە ئیتر دەبێ خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن، یەکێک لە سەرۆکەکانی ئەم هۆزە، لە سەردەمێکدا بڕیاری دا کە چیتر زوڵم لە کەس قبووڵ نەکات، بڕیاری دا هەر کەسێک زوڵمیان لێ بکات، یان ئەو نیازەی هەبێ هێرشیان بکاتە سەر، ڕووبەڕووی ببنەوە و ئەگەر لایەنی دەستدرێژیکار لێیان نەگەڕا، ئەوا هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی مەترسییەکەیان لەسەر نەمێنێ، بیخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، لەگەڵ زیادبوونی دەسەڵاتی ئەم هۆزە، هۆز و میرنشینەکانی دەوروبەری ترسیان زیاتر دەبوو، هۆزەکەش وردە وردە بۆ نەهێشتنی مەترسییەکان و بەهۆی ئەو چاکەخوازییەی بەرامبەر خەڵک دەیانکرد، دەسەڵاتیان بەرفراوان بوو، بەڵام دیارە ئەو چاکەخوازیەیان تا سەر بەردەوام نەبوو.
ئەم ڕۆمانە (ئەو خەونەی بووە ڕاستی)، ڕۆمانێکی مێژووییە و باسی (عوسمان ئەرتوغروڵ)ی دامەزرێنەری دەوڵەتی عوسمانی دەکات، ڕۆمانەکە بە تەکنیک و زمانێکی سادەی گێڕانەوە نووسراوەتەوە، کە خوێنەری سادە و سەرەتاییش چێژی لێ دەبێنێ، هەروەها ڕۆمانەکە باس و بابەتی ڕووداو و کەسایەتییە مێژووییەکانی، لە چوارچێوەی زمانی دەقێکی ئەدەبی داڕشتووەتەوە، ڕۆمانەکە تەنیا خەیاڵی نووسەر نییە، بەڵکوو سوودی لە چەندین سەرچاوەی مێژوویی وەرگرتووە و ژیان و بەسەرهات و ڕووداوەکانی ئەوکاتی کردووەتە بابەتی گێڕانەوەی ئەدەبی، خوێنەر لە ڕێگای ڕۆمانەکەوە زانیاری مێژووییشی پێ دەگات و کەسایەتییە گرنگەکانی دامەزرێنەری دەوڵەتی عوسمانی دەناسێت.
جگە لە لایەنی مێژوویی، ئەم ڕۆمانە ڕەهەندێکی پەروەردەییشی تێدایە و دەتوانین لە ڕیزی (ڕۆمانی پەروەردەیی) پۆلێنی بکەین.
زۆربەی جار ڕۆمانی پەروەردەیی باسی ژیانی مرۆڤێک دەکات، کە لە تەمەنی منداڵییەوە دەست پێدەکات و خۆشەویستی و ڕاستگۆیی پێ دەدرێت، پەروەردەیەکی ڕاست و دروست دەکرێت و پاشان ئەو کەسە یان کەسایەتییە، دەکەوێتە ناو بارودۆخی ژیان و ئەزموونەکانی ژیان کۆ دەکاتەوە، دواتر دەکەوێتە ناو ژیانی خۆی و ڕووبەڕووی ئەو خۆشی و ناخۆشییانە دەبێتەوە کە دێنە ڕێگای، بەسەر کۆسپ و تەگەرەکاندا زاڵ دەبێت و باوەڕبەخۆبوونی زیاد دەکات، ئەمەش هانی خوێنەر دەدات تا ئیرادەی پتەو و بەهێز بێت.
زاراوەی (ڕۆمانی پەروەردەیی)، بۆ یەکەم جار لە ساڵی (1819ز) لەلایەن فەیلەسووفی ئەڵمانی (کارڵ مورگنشتێرن) بەکارهێنرا و بووە بەشێک لە تیۆرە ڕەخنەییەکانی بواری ئەدەبیات.
ڕۆمانی پەروەردەیی، ئامانجێکی پەروەردەیی هەیە و لە ڕێگای پێدانی پەروەردەی ڕاست و دروست بە پاڵەوان و کاراکتەرەکانی ڕۆمانەکە، خوێنەر بەرەو پەروەردەیەکی دروست ئاراستە دەکات و هانی دەدات بۆ چاکەخوازی و گرتنەبەری ڕێگای ڕاست.
(ئەدەب ئالی)ی گەورە مامۆستای (عوسمان ئەرتوغروڵ)، هەر زوو ئامۆژگاری (عوسمان) دەکات تا لەخۆبردوو بێت و بەر لە هەموو کەسێک وریای خۆی بێت: “باش بزانە خەڵکی نە لە دوژمنداری و نە لە دوژمنیش ناترسێن، ئەوانیان لەبەرچاوە، نە لەبیریان دەکەن و نە دوژمنیش ئەوان لەبیر دەکەن، بۆیە لەو دوژمنەت مەترسێ، کە دەیناسی و شمشێری لە دژی تۆ هەڵگرتووە، بەڵکوو لەو دوژمنە بترسێ کە لەگەڵ خۆتە و شمشێرەکەی لە لاشەت دەچەقێنێت، مەبەستم نەفسی خۆتە، ئەویان ئەو دوژمنەیە کە مەترسیدارترە لە هەموو دوژمنێکی شمشێر بەدەست…ل71”.
لە ڕێگای ئەم ئامۆژگارییانەوە، ڕۆماننووس دەیەوێت هەمان پەیام ئاراستەی خوێنەریش بکات، بەتایبەتیش ئەگەر خوێنەرەکە کاربەدەست بێت و کەسانێکی لەژێردەستدا بێت، هانی دەدات لە پێی خۆی دەرنەچێت و لووتبەرز و لەخۆبایی نەبێت.
ئەم ڕۆمانە لە کاتی لەدایکبوونییەوە باسی (عوسمان ئەرتوغروڵ)ی دامەزرێنەری دەوڵەتی عوسمانی دەکات و هەمیشە لەلایەن باوکییەوە (کە سەرۆکی هۆزی -قایی-ە) پەروەردە و ڕەوشتی جوانی پێدەدرێت، دواتر خۆشی هەرچەندە برا بچووکە و دوو برای لە خۆی گەورەتری هەیە، بەڵام بەهۆی لێهاتوویی، لە تەمەنی بیستوسێ ساڵییەوە دەکرێتە سەرۆکی هۆزەکە و بەردەوام خەڵک بۆ ڕەوشت و پەروەردەی جوان ئاراستە دەکات و هانیان دەدات: “هەقمان بەسەر دین و زمانی کەسەوە نییە…ل107”. ئەمە لە چەندین شوێن جەختی لەسەر کراوەتەوە، هەر هۆز و میرنشینێکیش مەرامی ئەوەی هەبووبێ دەستدرێژییان بکاتە سەر، ڕووبەڕووی بوونەتەوە و بەسەریدا زاڵ بوون، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی کە دەستدرێژی بکەنە سەر کەسانی بێتاوان و موڵک و سامانیان داگیر بکەن، بۆ نموونە: “هەقتان بەسەر دینی خەڵکی (ئیناکۆڵ)ەوە نەبێ، دەستکاریی کەنیسەکانیان مەکەن، ئازادیی کەسیان زەوت مەکەن، لەگەڵ هەریەکەیان لە دادگەری بەولاوە مامەڵە مەکەن، چونکە خەڵکی ئەو قەڵایە بوونەتە ئەمانەت لە ئەستۆی ئێمە…ل151”.
ئەمە جگە لە ئامۆژگاری بۆ زوڵم نەکردن و دوورکەوتنەوە لە ستەمکاری، نموونەی دیندارییەکی جوان و لێبووردەییشە، کە ئازادی بە خەڵک بدرێت و لەسەر ئایین و باوەڕی خۆیان بن، بە مەرجێک هیچ زیانی بۆ ئایین و کەسانی دیکە نەبێت، چونکە ئایین هەموو کاتێک ئەگەر بە خراپ بەکارهێنرابێ، بووەتە هۆی نانەوەی ئاژاوە و توندوتیژی.
عوسمان ئەرتوغرول تا دەشمرێ، هەرچەندە بووەتە میرێکی گەورە و لەوە دەرچووە تەنیا سەرۆکی هۆزێک بێت، بەڵام هەر لەژێر خێوەتدا دەژی و ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە کۆشکی بۆ دروست بکرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی تووشی لەخۆباییبوون نەبێت و نەوەکانی دوای ئەویش شوێنپێی هەڵبگرن و هەموو دەسەڵاتدارێک کە دەسەڵاتی دەکەوێتە دەست، لەخۆبایی نەبێ، هەروەها ئەوەشی لەبیر نەچێتەوە کە ئەو لەژێر خێوەتدا گەورە و پەروەردە بووە، نەک لە ناو کۆشکی پاشایان، بەڵام دیارە سوڵتانەکانی عوسمانی لە سەردەمانی دواتری باوکی دامەزرێنەریانەوە، کەوتنە ناو ناز و نیعمەتی دەسەڵات و بەشێکی زۆریان ئەو ژیانە سادەیەی عوسمانی بابەگەورەیان بیر چووەوە و تەنانەت بەشێکیان زوڵم و زۆرداریی زۆریشیان کردووە.
عوسمان کوڕی ئەرتوغرڵ کوڕی سلێمانشای قایی، لەدوای باوکی بووە سەرۆکی عەشیرەتی قایی، پاشان بناغەی دەوڵەتی عوسمانیی دامەزراند، کە لە سەردەمانی پاشتردا، بۆ ماوەی نزیکەی شەش سەدە حوکمی ناوچەیەکی بەرفراوانی جیهانی کرد، حوکمی عوسمانی ناوچەکانی بەڵقان و ئەنادۆڵ و ڕۆژهەڵاتی عەرەبی و باکووری ئەفریقیای دەگرتەوە، کە ئەمەش ڕووبەڕێکی گەورەی جیهان بوو. عوسمان ئەرتوغرڵ لە ساڵی (1258ز) لە ناوچەی ئەنادۆڵ لەدایک بووە و لە ساڵی (1326ز) هەر لەو ناوچەیە کۆچی دوایی کردووە.
خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە چێژێکی تایبەت بە خوێنەر دەبەخشێت و زانیارییەکی وردی مێژووییشی لەبارەی دروستبوونی دەوڵەتی عوسمانی و ژیانی دامەزرێنەرەکەی پێ دەدات، ئەو دەوڵەتەی تەمەنی لە شەش سەدە زیاتر بوو، بەڵام ناتەبایی ناوەخۆ و لادان لە پرەنسیپە مرۆییەکان، کۆتاییان بەو تەمەنە دوورودرێژەی هێنا.
لە بڵاوکراوەکانی: نوسنگەی_تەفسیر
ئەم وتارە لە ژمارە 351 هەفتەنامەی باس، بڵاوکراوەتەوە.