دواڕۆژ، هانا #چۆمان#ی
ئەگەرچی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو سەرجەم تەمەن و ئاستە جیاجیاکان بەدیدەکرێت، بەڵام زۆرترین بەکارهێنان و قوربانی ئه و ماددانە گەنجانن، وەزیرێکی پێشوو ناتەبایی سیاسی و قەیرانەکان بە هۆکاری بڵاوبونەوەی هۆشبەر لە هەرێم دادەنێت و پسپۆرێکی دەرونناسیش هۆکارە سەرەکییەکانی ئالودەبوون ئاشکرادەکات.
بەپێی ئه و ئامارانەی ساڵانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بڵاودەکرێتەوە، ژمارەی بەکارهێنەران و ڕێژەی ماددەکان و جۆرەکانیان لە بەرزبوونەوەدایە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیەکە، کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی #هەولێر#-ە، لە ساڵی 2016دا 533 کەس لەسەر ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون، هەروەها 37 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی (تلیاک، حەشیش، هیرۆین و شیشە) دەستیان بەسەرداگیراوە، لەگەڵ زیاتر لە 478 هەزار پارچە دەرمانی پزیشکی هۆشبەر.
بەڵام لە ساڵی 2017 تۆمەتبارانی ماددە هۆشبەرەکان زیادیانکردووە بۆ 569 و بڕی ماددە هۆشبەرە دەست بەسەرداگیراوەکانیش زیادیکردووە بۆ 53 کیلۆگرام.
سەبارەت بە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیش بەڕێوەبەرایەتیەکە دەڵێت: 272 تۆمەتبار دەستگیرکراون کە 9 ئافرەتیان تیابووە و دەستیشگیراوە بەسەر 151 کیلۆگرام هێرۆین، 4 کیلۆ تلیاک، 91 گرام حەشیش، 76 کیسی بچوک گراس، 33 هەزار و 740 حەبی سۆمادریل، 83 هەزار و 740 دانە حەبی ترامادۆڵ، 370 دانە حەبی ئارتین، 180 دانە حەبی ڤالیۆم و دیزاپام و دوو دەزگای فەلکردنی حەب.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە: ساڵانە ڕێژەی بەکارهێنەران لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیادبوونەوە و پێویستە ڕێگری لێبکرێت.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی زیاتری ماددە هۆشبەرەکان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی یاسایی و تەندروستی بۆ توشبووان ساڵی ڕابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان نەخشەرێگایەکی تایبەتی ڕاگەیاند.
محەمەد هاودیانی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کە وەزارەتەکەی بەشداربووی نەخشەرێگاکە بوو، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ناتەبایی سیاسی و قەیرانی دارایی و کێشە ناوخۆییەکان دەرفەتی بۆ هەندێک بازرگان دروستکرد کە بتوانن هەرێمی کوردستان لە غەفلەت بگرن و ئه و ماددانە بڵاوبکەنەوە و بەهۆیەوە گەنجان ڕوو لە ماددە هۆشبەرەکان بکەن.
وتیشی: کۆمەڵێک هۆکار وایانکردووە بەشێک لە گەنجان ڕوو لە ماددە هۆشبەرەکان بکەن لەوانە، نەبوونی یاسایەک بۆ گەنجان و مێردمنداڵی خوار تەمەن 18 ساڵی تا خواردنەوەی کحولی و جگەرە و نێرگەلە بەکارنەهێنن، هەروەها کاریگەری بێکاری و بوونی سەدان هەزار گەنجی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان کە بێکارن، هەروەها زۆری کافێکان و بارودۆخی هەرێم.
هاودیانی ئەوەشی خستەڕوو: ئێستا نزیکەی 700 کەس لە چاکسازیەکانیدان کە لەناویاندا 20 ژن و 5 مێردمنداڵ هەن کە بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان تۆمەتبارکراون و زۆرینەشیان کوردن.
دیاردەکە نەک بە تەنها لەسەر ئاستی هەرێم، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش ڕووی لە زیادبوون کردووە.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2018 لە ڕاپۆرتێکدا هێما بۆ ئەوە دەکات لە ماوەی ساڵانی 2016 تا 2018 زیاتر لە 10 هەزار و 500 تۆن ماددەی هۆشبەر بازرگانی پێکراوە.
لە سەرانسەری جیهانیشدا، بەپێی ڕاپۆرتەکە، 275 ملیۆن کەس ئالودەی ماددە هۆشبەرەکانن کە دەکاتە ڕێژەی 5%ی دانیشتوانی جیهان.
هەروەها لە سەرانسەری جیهان نزیکەی 15 ملیۆن هەرزەکاری تەمەن 15 بۆ 16 ساڵ ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکانن کە زیاترە لەهەر تەمەنێکی تر. هەروەها تا ساڵی 2015 زیاتر لە 450 هەزار کەس بەهۆی ماددە هۆشبەرەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
پێشەوا محەمەد، شارەزای دەرونناسی و خوێندکاری دکتۆرا بۆ دواڕۆژ وتی: گەنجان کەمتر توانای کۆنتڕۆڵکردنی درونیان هەیە، ناتوانن بەسەر ئارەزووەکانیاندا زاڵبن و بە ئاسانی دەکەونە ژێر کاریگەری و گوتار و سۆز و حاڵەتە ئاساییەکانی ژیان، بۆیە بازرگان و فرۆشیاران زیاتر گەنجان دەکەن ئامانج.
ئەوەشی خستەڕوو: گەنجانی تەمەن 16 بۆ 30 ساڵ زۆرترینی توشبووانن و لەنێویشیاندا کەسانی تەمەن 16 بۆ 20 ساڵ بە ئاسانترین و کەمترین ماوە ئالوودە دەبن بەهۆی سێ هۆکاری نەبوونی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی و ئه و ژینگەی تیا گەورەبوون، هەروەها هەژاری و بێکاری، لەگەڵ نەبوونی یاسای توند بۆ بەرەنگاری و ڕێگریکردن لێی.
داڕشتنەوە: شیروان شەریف[1]
#23-12-2018#