رووداو-چیای کۆڕەک
بەفربارین جووڵەی خستەوە گەشتیاریی زستانەی باشووری کوردستان، هەشتا کۆمپانیا، گەشتیاری زستانە لە خوار و ناوەڕاستی عێراقەوە بۆ کوردستان دەهێنن، هەروەها ئەمساڵ بە شێوەی گرووپ لە وڵاتی میسریشەوە گەشتیار دەهێندرێن.
باشووری کوردستان هەڵکەوتەیەکی جوگرافی خۆڕسکانەی دەوڵەمەندە بە بنەمای کەرتی گەشتیاری زستانە. کۆتا ڕۆژی پایز بەفر ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای #هەولێر#ی سپیپۆشکرد، جووڵەی گەشتیاری زستانەی دروستکردەوە و گەشتیارێکی زۆر لە خوار و ناوەڕاستی عێراق ڕوو لە چیای کۆڕەک دەکەن.
رائد سەڵاح، گەشتیارێکی عێراقی بە ڕووداوی ڕاگەیاند: کەشوهەواکە زۆر خۆشە، ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکەم کە دێنە هەرێمی کوردستان سەردانی ئەم شوێنە بکەن، زۆر خۆشە جارێکی دیکە دەڵێم سەردانی بکەن. بەڕاستی کە ئه و ناوچەیە دەبینم سەرسام دەبم. وێڕای سرووشتەکەی ئاسانکاری باش بۆ گەشتیاران دەکرێت. ئێمە کە لە بەغداوە هاتووین بە تێچووی کەم گەشتێکی خۆش دەکەین.
لە ڕێگەی تەلەفریکەوە گەشتیاران دەگوازرێنەوە سەرچیا و نێو بەفر، بە یارییەکانیان کەشە ساردەکەی سەر چیا گەرم دەکەنەوە. قەدریە لە وڵاتێکی ساردی وەک سوێد دەژی، ئەو دەڵێت بەئەزموون وەرگرتن لە پرۆژەکانی وڵاتەکەی، دەکرێت بنەمای ئەم کەرتە دەوڵەمەند بکرێت.
قەدریە باوی، کە لە سوێدەوە هاتووەتە کوردستان بە ڕووداوی ڕاگەیاند: لای ئێمە هەمیشە سارد و بەفره، بهڵام توانراوە سودی ئابووری هەبێت، دەکرێت هاوشێوەی سوێد لێرەش سود له و کەشوهەوایە و لەو بەفربارینە ببینرێت و، یاریە بەفرینەکان وەک سکی (خلیسکێنەی سەر بەفر) و ئه و یاریانەی بۆ منداڵان لەنێو بەفر دروستدەکرێن لێرەش هەبن.
هەشتا کۆمپانیا، گەشتیاری زستانە دێننە باشووری کوردستان، بۆ ئەمساڵ لە وڵاتی میسریشەوە گەشتیاران دەهێندرێن. چیا سەرانی، بەرپرسی بنکەی گەشتوگوزاری #ڕواندز# بە ڕووداوی ڕاگەیاند: دەستەی گشتی گەشتوگوزار گرێبەستی هێنانی لەگەڵ 80 کۆمپانیای گەشتیاری هەیە و ڕۆژانە 5 هەزار گەشتیار دێنن. بۆ ئەمساڵیش گەشتی گەشتیارانی میسر دەهێندرێتە ناوچەکە و ئەمەش تەکانێکی دیکەی ئەم کەرتە دەبێت.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان[1]
#23-12-2018#