گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمساڵ لە سڵیمانی 8 مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوەتە وەبەرهێنەران و لەبەرامبەریشدا 8 مۆڵەتی وەبەرهێنان هەڵوەشاوەتەوە.
ساڵی 2018 بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەچاو چوارساڵی قەیرانی دارایی، هەرێمی کوردستان سەرەتا و دەستپێکی بوژانەوەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان بوو.
لەمساڵدا لە پارێزگای #سلێمانی# 8 پرۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوە، بەڵام سەرباری ئەوەش یەکێتی وەبەرهێنەران ئاستی پرۆژەکان لە2018دا بە سفر ناودەبات.
مەلا یاسین، گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنانی کوردستان ڕایگەیاند: لە سلێمانی ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 8 مۆڵەتی وەبەرهێنان وەرگیراوە لەبەرامبەریشدا 8 مۆڵەتیشمان هەڵوەشاوەتەوە کەواتە لە سلێمانی لە ساڵی 2018دا وەبەرهێنان یەکسانە بە سفر ئەمە واقیعێکە، بەڕاستی هۆکاری سەرەکی پاشەکشەی وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی ئەگەڕێتەوە بۆ خودی ئەو کێشە ڕوونانەی کە هەموومان ئەیبینین لە نەبوونی دەسەڵات و بێ دەسەڵاتی دامودەزگاکانی حکومەت و دروستکردنی ڕۆتین.
بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی سلێمانی کە سەروکاری مۆڵەتەکانی پرۆژە وەبەرهێنانەکان لای ئەوانە تەواو پێچەوانەی یەکێتی وەبەرهێنان قسە دەکەن.
چونکە 2018 بە ساڵی یەکەم هەنگاوی دەستپێکردنەوەی پرۆژەکان دەزانن. دەشڵێن ئەمساڵ بەرێژەی 30%ی لەچاو ساڵانی قەیران، وەبەرهێنان بەرەو گەشانەوە چووە.
عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی ڕایگەیاند: ئەمە ناکەتە ئەوەی کە بەو ڕەدەڵ و بەدەڵە بە مانای سفر بێت، چونکە ئەو پرۆژانەی کە ئەمساڵ مۆڵەتیان پێدراوە هەرخۆی بۆخۆی ئەو پرۆژانەن کە لە ساڵی 2017 داواکارییان پێشکەش کردووە و کاری لەسەر کراوە، واتا ئەو پرۆژانەش کە ئێستا کاری لەسەر ئەکەین و داواکارییان پیشکەش کردووە لە 2019
لەوانەیە ئەنجامی هەبێت و مۆڵەت وەربگرێت ئەم پرۆژانەش کە لەلایەن ئێمەوە هەڵوەشاوەتەوە هیچ پەیوەندییەکیان بەو پرۆژانەوە نییە کە مۆڵەتیان وەرگرتووە.
قەیرانی دارایی لە چوار ساڵی ڕابردوودا بەڕێژەی زیاتر لە 70% کەرتی وەبەرهێنان و گەشەسەندنی لە هەرێمی کوردستان وەستاند، بەجۆرێک سەدان پرۆژە لەکارکردن وەستان و سەدانی دیکەش نەخشە و دیزاینەکانیان لەسەر کاغەزەوە نەخرانە سەر زەوی.[1]
#30-12-2018#