بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی #هەڵەبجە# ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی 2018ی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکانیش لەو ساڵەدا 63 سەرپێچیکار دەستگیرکراون و سەدان دۆنم پوش و #پاوە#ن و باخی هاوڵاتیانیش سوتاون.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە کە بنکە و بەشەکانی لەسنوری پارێزگاکەدا بەسەر هەریەکە لە ناحیەکانی سیروان و خورماڵ و بیارە و بەمۆ دابەشبووە، ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئامارەکانی ساڵی 2018ی بەڕێوەبەرایەتییەکەی خستەڕوو.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکە، لەماوەی ساڵی 2018 دا، 63 سەرپێچیکار دەستگیرکراون و دەستیشگیراوە بەسەر 49 چەکی جۆری تاپڕ و 39 فیشەکی تاپڕ و سێ چەکی جۆری کڵاشینکۆف و 111 فیشەکی کڵاشینکۆف و سێ چەکی جۆی بادی و 11 قەفەزی کەو دوو مکەبەرەی میمۆریی کە بەکاردەهێنرا بۆ ڕاوکردنی کەو و یەک چەکی جۆری ئێم فۆڕ و دوو دوربین و دوو مەخزەنی فیشەکی کڵاشینکۆف.
هەر بەگوێرەی ئامارەکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە لەماوەی ساڵی ڕابردوو دەستگیراوە بەسەر سێ ئاژەڵی کێوی کوژراودا و یەک کەروێشک و یەک ئامێری لێدانی بیری قۆڵ و هەشت ماتۆڕسکیل و چوار ئۆتۆمبیل و 10 کەوی زیندوو و 330 تۆڕی ماسی و حەت کۆتری کەژی و هەشت پۆڕی کوژرا و لەگەڵ دەست بەسەرا گرتنی 120 کیلۆ ماسی کەدواتر بەپێی بڕیاری دادوەری ماسیەکان فرۆشراوە بە 548 هەزار دینار بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا.
ئامارەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە جگە لە دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران و دەستبەسەراگرتنی کەلوپەلی سەرپێچیکاران و ئاژەڵ و باڵندە ڕاوکراوەکان، ئاماری ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەش لەناوچە شاخاویەکانیان خسەڕوو، بەجۆرێک هەر ماوەی ساڵی ڕابردوو بەگوێرەی ئەو ئامارانە 12 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لەسنوری هەڵەبجە ڕوویداوە و بە سەدان دۆنم پوش و پاوەن و ڕەز و باخی هاوڵاتیانی سوتاندووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئامێری پێویست بۆ کوژاندەوەی ئاگر و نەبوونی فڕۆکەی تایبەت بەو کارە، کە تاکو ئێستا حکومەتی هەرێم بۆیانی دابین نەکردووە، زۆرترین زیانی بە ناوچەکە گەیاندووە و تیمەکانیش بەباشی توانای زوو کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکانیان نییە.
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، فەرمان عومەر وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە ڕایگەیاند، لە ساڵی 2018 بە بەراورد بە ساڵی 2017 ڕووداوەکان ڕووان لە کەمبوون کردووە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد تیمەکانیان لە تەواوی سنورەکە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناوچەکەن بۆ ئەوەی ڕێگە لە سەرپێچیکاران بگرن تا زیان بە سروشتی ناوچەکە نەگەیەنن، فەرمان عومەر ئاماژەشی بەوەکرد هەرچەندە چەند حاڵەتێکی هەڵکەندی بیری قوڵ بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان لە سنورەکە هەبووە، بەڵام لەئێستادا ڕێگە بەکەس نادەن کە بەبێ مۆڵەت بیری قوڵ لێ بدات.[1]
#02-01-2019#