دواڕۆژ، بەختیار شەریف
ئەمڕۆ چوارشەممە (2)ی کانوونی دووەمی 2019 قائیمقامی شارۆچکەی #چەمچەماڵ# و بەشێک لەفەرمانگە ئەمنییەکانی سنورەکە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری ساڵی (2018)ی قەزاکەیان ڕاگەیاند و تیایدا ئاماژە بەوەدراوە کە لە کۆی یەک هەزار و 23 داواکراو 753 یان دەستگیرکراون.
رەمک ڕەمەزان قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ ئامارەکانی بەشی پۆلیسی سنورەکەی بڵاوکردەوە و وتی ژمارەی ئه و تۆمەتبارانەی لەساڵی ڕابردوودا فەرمانی گرتنیان هەبووە بریتی بوو لە یەک هەزار و 23 کەس و لە ژمارەیەش 753 کەسیان دەستگیرکراون و 270 کەسیش لەوانە دەستگیرنەکراون.
ئەوەشی وت لەساڵی ڕابردوودا یەک هەزار و 741 ڕووداوی جۆراو جۆر ڕوویانداوە، کە (18) حاڵەتیان کوشتن و 29 حاڵەتیشیان هەوڵی خۆکوشتن بووه و حەوت کەسیش خۆیان کوشتووە.
هاوکات عەمیدی مافپەروەر لوقمان حەسەن بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەرگری شارستانی چەمچەماڵ ئاشکرایکرد کە لەئەمساڵدا بەهۆی ڕوداوەکانی ئاگر کەوتنەوەوە 17 کەس گیانیان لەدەستداوە و تێکڕای زیانە ماددیەکانیش بە یەک ملیار و 720 هەزار دینار خەمڵێندراوە.
سەبارەت بە ڕوداوەکانی هاتوچۆ لە سنوری قەزای چەمچەماڵ عەقید عومەر حەمەعەلی بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی قەزاکە وتی لەساڵی ڕابردوودا 90 ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویانداوە و بەهۆیەوە 18 کەس گیانیان لەدەستداوه و 122 کەسیش بریندار بوون.
هەر له و کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا ئامارەکانی پۆلیسی دارستان لە سنوری قەزای چەمچەماڵ ئاشکرا کران.
رائید جەلیل عەلی بەرپرسی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی چەمچەماڵ ڕایگەیاند لەساڵی ڕابردوودا مەفرەزەکانیان توانیویانە دەستبگرن بەسەر 15 چەکی تاپڕ و 7 کڵاشینکۆف و یەک ئامێری بیرهەڵکەندن و 2 مۆلیدەی کارەبایی و 2 مشاری کارەبایی لەگەڵ یەک ئۆتۆمبێلی بەرهەڵگر
ئاماژەی بەوەشدا کە دەستیانگرتووە بەسەر 22 قەفەسی باڵندە و 18 داوی ڕاوکردن و 48 باڵندەی جۆراوجۆریشیان ئازادکردووە.
هاوکات ڕائیدی یاسایی هێمن عەلی بەرپرسی نووسینگەی چەمچەماڵی بەڕەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ڕایگەیاند لە ساڵی 2018 نووسینگەکەیان 267 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی تۆمارکردووە، له و ژمارەیەش 175 حاڵەتیان دژی ژنان بووە و 76 حاڵەتیش خێزانی بووە.[1]
#02-01-2019#