چالاکوان و ڕێکخراوەکانی ژینگە لە شارۆچکەی #سۆران#-ی سەر بە پارێزگای #هەولێر#، تورکیا و ئێران بەهۆکاری سەرەکی تێکدان و لەناوبردنی ژینگەی باشوری کوردستان دەزانن، بانگەوازێکیشیان ئاڕاستەی جکومەتی هەرێم کردووە تا هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ پابەندکردنی تورکیا و ئێران بە پڕۆتۆکۆڵ و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.
ژمارەیەک لە ڕێکخراوە ژینگەییەکان، بانگەوازێکیان ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و تیایادا باسیان لەوە کردووە، لە ئاکامی بۆردومان و تۆپبارانە بەردەوامەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستان، هەزاران دۆنم دارستان و ڕەز و باخ و سروستی هەرێمی کوردستان تێکچوون و زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها سامانی ئاژەڵ و باڵندەی کێوییش لە برادۆست و #قەندیل# بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە مەترسی لە ناوچوونی لەسەرە.
دڵشاد باڵەکی، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاوێزە بۆ هۆشیاری ژینگەیی، کە یەکێکە لەو ڕێکخراوانەی بانگەوازەکەی کردووە، باس لەوە دەکات بۆردوومانەکان زیانی زۆری بە سروشت و ژینگەی ناوچەکانی بناری قەندیل و برادۆست و #ئامێدی# گەیاندووە، بەو هۆیەشەوە چەندین دۆنم ڕەز و باخی هاووڵاتیان سوتاون و زیانێکی زۆریش بەر باڵندە و ئاژەڵی کێوی ئەو ناوچەیە گەیشتووە، دەشڵێت:ئێمە وەک ڕێکخراوی ئاوێزە، بە لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ڕاگەیەندووە پێویستە فشار بخرێتە سەر ئێران و تورکیا بۆ ڕاگرتنی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکان.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، بۆردوومانەکان زیانی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ و ژینگەی ئەو ناوچانەش گەیاندووە، بۆیە ئەرکی پەرلەمان و حکومەتەکانی بەغدا و هەولێرە لەسەر ئەو پێشێلکارییانە بێنەدەنگ.
هاوکات هەژار ماهیر، شارەزا لە بواری ژینگە و سەرۆکی ڕێکخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە، بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوە کرد، چەندین جار هۆشدارییان داوە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کە تۆپباران و بۆردوومانکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کارەساتی ژینگەیی لێدەکەوێتەوە، بەڵام بەداخەوە وەک پێویست گوێ بە داواکانمان نەدراوە.
کۆتایی ساڵی ڕابردوو، ڕێکخراوە ژینگەییەکان لە ڕاپۆرتێکدا لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادارکردەوە، کە ئەو شوێنانەی بەر تۆپباران و بۆردوومان کەوتوون، ڕووبەڕووی کارەساتی ژینگەیی بوونەتەوە، داواشیان کردبوو تورکیا و ئێران پابەندبن بەو پەیماننامە ژینگەییانەی واژۆیان کردووە لەبارەی پاراستنی ژینگەی ناوخۆیی و جیهانییەوە.
سەرۆکی ڕێکخراوی وار ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە ڕووی زانستییەوە تۆپبارانەکان بۆ سەر ژینگەی کوردستان کاریگەرییەکان زۆرە، لەوانە؛ کەمکردنەوەی ڕووبەری سەوزایی و تێکدانی هاوسەنگی، کەمکردنەوەی بڕی بە هەڵمبوونی ئاو و کاریگەری خراپ لە سەر باران، هەروەها داڕنینی توێژاڵی ڕووەکی و لەبەریەک هەڵوەشانەوەی یەکگرتوویی گڵ و خۆڵی قەدپاڵەکان.
ئەو شارەزایەی بواری ژینگە لە درێژەی کاریگەرییەکانی تۆپبارانەکان بۆ سەر ژینگەی کوردستان باس لەوەش دەکات، تۆپبارانەکان دەبنە هۆی کەمکردنەوەی بڕی ئاوی ژێر زەوی، چونکە ڕووەک هۆکاری گلدانەوەی ئاوی سەر زەوییە و ناردنییەتی بۆ ژێر زەوی، کەمکردنەوی بڕی ئۆکسجین و زیادکردنی بڕی دووەم ئوکسیدی کاربوون، هەروەها کەمکردنەوەی بەرگریی درەختەکان و خێرا پوکانەوەیان بە هۆی ئەو نەخۆشیانەی کە بە ئاسانی زیانیان پێ دەگەینن، جگە لەوانەش تۆپبارانەکان دەبنە هۆی پەیدابوونی دووکەڵ کە تێکەڵەیەکە لە گەردیلەی ورد و گازەکانی کاربۆن و مۆنۆئۆکساید و گازی دووەم ئوکسیدی کاربۆن و ئوک#سیدەکان#ی نایترۆجین، کە زیان بە چاو و سییەکانی مرۆڤ دەگەینن.[1]
#03-01-2019#