بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای #هەڵەبجە# ئاماری ڕووداوەکانی ساڵی 2018ی سنووری پارێزگاکە ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، تەنیا سێ تاوانی کوشتن و حاڵەتێکی خۆکوشتن تۆمارکراون.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕائید بەرزان عوسمان، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ڕایگەیاند، لە ساڵی 2018دا سێ تاوانی کوشتن لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە تۆمارکراون، لەگەڵ یەک ڕووداوی خۆکوشتن.
گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ڕاشیگەیاند، ئەو ڕووداواونەی لێکۆڵینەوەیان تێدا کراوە گەیشتووەتە هەزار و یەک حاڵەت.
بەگوتەی بەرزان عوسمان، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو خۆشبەختانە تاوانەکان بە گشتی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کەمیان کردووە، لەوانەش شەڕکردن، دزیکردن و کوشتن.
سەبارەت بە کۆی ئەو تۆمەتبارانەی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە لەسەر تاوانی جۆراجۆر ڕاگیراون لە ماوەی ئەمساڵ، بارزان عوسمان دەڵێت 606 کەسن، لەو ژمارەیە 569 کەسیان پیاون و 13 کەسیشیان ژنن، 24 کەسی دیکەیان نەوجەوانن.
رووداوەکانی دیکە لە ماوەی ساڵی 2018 لە سنووری هەڵەبجە:
- 152 حاڵەتی لێدان بە ئەنقەست
- 2 حاڵەتی خۆسووتاندن و مردن
- 118 حاڵەتی دزیکردن
- 43 حاڵەتی فێڵکردن
- دەستبەسەرداگرتنی 19 چەکی بێ مۆڵەت
- 4 مردن بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ
- 87 بریندار بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ
- 42 حاڵەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەبێ مۆڵەت
- 15 حاڵەتی خراپبەکارهێنانی ئامێری پەیوەندیکردن
- 40 حاڵەتی کێشەی خێزانی پەیوەست بە ڕەگەزی نێرینە
- 73 حاڵەتی تووندوتیژی دژی ژنان
گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەکات، ئەمساڵ دەستبەسەر 52 چەکی جۆراوجۆردا گیراوە؛ لەوانەش: 21 کڵاشینکۆف، 11 تاپڕ، 11 دەمانچە، 3 دەمانچەی تورکی، 4 سەمینۆف، یەک بادی و یەک ویزە.[1]
#03-01-2019#