دەربارەی ئاماری چالاکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتی #سلێمانی#، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەبرا و تێیدا ئامارەکانی ساڵی 2018 خرانەڕوو، کە ئاماژەوە بەوەکراوە، 538 هەزار و 362 تۆن کەرەستەی بەسەرچوو خراپ بوو لە ناوبراوە، وە 223 ملیۆن و 200 هەزار دینار داهاتی سزاکان بووە.
ئەمڕۆ بەمەبەستی هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی فەرمانگەکانی حکومەتی خۆجێی سلێمانی، لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی کۆبوونەوەیەکی فراوان بە ئامادەبونی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی، عەمید حەسەن نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی سلێمانی بەڕێوەچوو، دواتر دەربارەی ئامارەکانی 2018، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بەڕێوەبرد.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند: سەرباری قەیرانی دارایی و ئەو ڕەوشە خراپەی کە ڕووبەڕووی هەرێم بووەتەوە، بەڵام حکومەتی خۆجێی سلێمانی بەو توانایەی کە لەبەردەستیدابووە بەردەوام بووە لە کارو پڕۆژەکانی بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان، وە بە هەوڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەت جێگری سەرۆکی حکومەت #قوباد تاڵەبانی#، بەشێکی زۆر لە پرۆژە ڕاوەستاوەکانی سلێمانی کەوتوونەتەوەکار، لە ساڵی 2019دا پلانێکی گشتگیر هەیە بۆ سەرجەم کەرتەکان و بوژانەوەی بازاڕ و دروستبوونەوەی جموجوڵەی ئابوری و بازرگانی و پیشەسازی و گرنگیدانی زیاتر بە کشتوکاڵ.
هاوکات ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی، تیشکی خستەسەر کارەکانی لیژنەهاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە ماوەی ئەو ساڵەدا و ڕایگەیاند، لیژنەکان ڕۆڵێکی گەورەو کاریگەریان بینیووە لە پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و ڕێگری کردن لە مەواد و خواردنی ماوەبەسەرچوو زیان بەخش.
قائیمقامی سلێمانی ئاماری کارو بەدواداچونەکانی لیژنەهاوبەشەکانی لە 2018دا دا خستەڕوو، کە بەپێی ئامارەکە لیژنەکان 39 هەزار و 168 سەردان و بەدواداچوونیان بۆ سەرجەم شوێنەکان کردووە، لە ئەنجامدا 3 هەزار و 291 شوێن بەهۆی پابەند نەبونیان سزادراون و 243 شوێنیش داخراون و 24 شوێنیش بەهۆی جۆری سەرپێچیەکەیانەوە دراونەتە دادگا.
هەربەپێی ئامارەکەی ساڵی 2018، 538 هەزار و 362 تۆن کەرەستەی بەسەرچوو خراپ بوو لە ناوبراوە، کۆی ئەو غەرامەیەی کە بەهۆی سەرپێچیەوە لەلایەن لیژنەکانەوە کراوە 223 ملیۆن و 200 هەزار دیناربووە و کۆی پارەکە گەڕاوەتەوە بۆ سەر بودجەی گشتی.
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا عەمید حەسەن نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، ڕایگەیاند لە 2018دا ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی خۆیان بینییوە لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیان و دەیان کەسیان بە تۆمەتی تیرۆر و تێکدانی ئارامی سلێمانی و هەرێمی کوردستان دەستگیرکردووە، لە ساڵی نوێشدا پلانی تۆکمەترمان دەبێت بۆ پاراستنی ئارامی.[1]
#03-01-2019#