دواڕۆژ، هۆگر کەمال
وتەبێژی گەشتوگوزاری هەرێم ڕایدەگەیەنێت: لە ماوەی حەوت ڕۆژدا 136 هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت: ڕێژەکە بەراورد بە ساڵی پێشتر لە سەدا 152 زیادیکردووە.
نادر ڕۆستی، وتەبێژی گەشتوگوزاری هەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی کانونی دووەمی 2019 بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لە ڕۆژی 25ی کانونی یەکەمی ڕابردوو تا 31ی کانونی یەکەمی 2018 و بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە 136 هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
وتیشی: ڕێژەی هاتنی گەشتیار بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 152% زیادیکردووە، ئەمەش بەهۆی ئەمنیەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی بەردەوامی ئێمە بە کۆمپانیا گەشتیارییەکان و ڕیکلامکردن و کردنەوەی خاڵە سنورییەکانە.
نادر ڕۆستی، ئاماژەی بەوەشدا: زۆرینەی گەشتیارەکان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق هاتوون و سەرجەم هۆتێل و مۆتێل و چێشتخانەکانیش پڕبوون لە گەشتیار.
ساڵی پێشتر بۆ سەری ساڵی 2017 بەهەمان بۆنەوە 54 هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو.
پێداچونەوە: شیروان شەریف[1]
#03-01-2019#