قەیرانی ئابووری تورکیا کاریگەری زۆری کردووەتە سەر باکووری کوردستان و بێکاری ڕووی لە زیادبوونکردووە و داخستنی کارگە و شوێنکارەکانیش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە زیادبووندایە.
ئاماژەکان بۆ ئابووری تورکیا بۆ ئەمساڵ ئەرێنی نین، چاوەڕێدەکرێت بەهای لیرە بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان دابەزێت و نرخی یەک دۆلاریش بگاتە 7.5 لیرە. حکومەتی تورکیاش بۆ ڕێگریکردن لە دابەزینی بەهای دراوی وڵاتەکەی هەوڵدەدات لەرێگەی وەرگرتنی باج و داهاتە نێوخۆییەکان زیانەکانی پڕبکاتەوە.
سندووقی نەختی نێودەوڵەتی دەڵێت، ئەمساڵ بەهای لیرە بەرامبەر دراوە بیانییەکان لە دۆخێکی خراپدا دەبێت و پێشبینیدەکات نرخی یەک دۆلار بگاتە 7.5 لیرە.
حکومەتیش بۆ ڕێگریکردن لە دابەزینی بەهای دراوی وڵاتەکەی چەند ڕێکارێکی گرتوەتەبەر و هەنگاوی دیکەش دەنێت، بەتایبەتی لەبارەی وەرگرتنی باج و داهاتە نێوخۆییەکان، پێشتریش نەخشەرێگایەکی جیاوازی ڕاگەیاندبوو بۆ ئەوەی ڕێگری لە خراپتربوونی ئابووری وڵات بگرێت.
پێشبینییەکان بۆ ئابووری تورکیا بە گوێرەی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی
دابەزینی بەهای دراوی نێوخۆیی بەجۆرێک یەک دۆلار بەرامبەر دەبێت بە 7.5 لیرە تاوەکو 10.21
خراپتربوونی زیاتری ئابووری تورکیا
لەدەستدانی متمانەی وەبەرهێنەرانی بیانی
بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە نێوان 15.5% تاوەکو 18.2%
رەشبینی بە سیاسەتی ئابووری تورکیا
چەند هۆکارێک هەن وایانکردووە، وەبەرهێنەرانی بیانی متمانەیان بە ئابووری و بازاڕی تورکیا کەم بێتەوە و سندووقی نەختی نێودەوڵەتیش گومانی لەبارەی سەربەخۆبوونی بانکی ناوەندی تورکیا هەبێت.
هەندێک لە هۆکارەکان بریتین لە پەیڕەوکردنی سیستەمی سەرۆکایەتی، بوونی بەرات ئاڵبایراک، زاوای ئەردۆغان وەک وەزیری دارایی و ئابووری تورکیا و هەروەها جیاوازییەکان دەربارەی سوودی بانکی چ لەگەڵ وەبەرهێنەرە بیانییەکان و چ لەگەڵ بانکی ناوەندی تورکیا.
رێوشوێنەکانی حکومەتی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی
- نەخشەڕێگای ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان
- زیادکردنی ئاستی هەناردەکردن
- کەمکردنەوەی هاوردەکردن
- پێداچوونەوە بەسیستەمی باجەکان
- کەمکردنەوەی خەرجییەکان
بەڵام ئەم ڕێکارە فراوانەی کە حکومەتی تورکیا نزیکەی شەش مانگ بەکرداری گرتوویەتییەبەر نەیتوانیوە قەیرانەکە چارەسەر بکات، یان لانیکەم کاریگەرییەکەی کەمبکاتەوە.
تاکە شت حکومەت ئەنجامیدابێت، بەشێوەیەکی کاتی هاوسەنگی دروستکردووە بۆ ئەوەی بەهای لیرەی تورکی زیاتر لە بەرامبەر دراوە بیانییەکان لەدەست نەدات.
چارەسەرنەکردنی قەیرانی ئابووری لە تورکیا، ڕەنگدانەوەی خراپی بەسەر باکووری کوردستان دەبێت، بەهۆی ئەوەی زۆرترین ڕێژەی بێکاری و کەمترین هەلی کار لە باکووری کوردستاندا هەیە.
هەروەها هاونیشتمانیان بەشێوەیەکی بەرچاو بۆ کارکردن ڕوو لە ڕۆژئاوای تورکیا دەکەن. لەوێش ئەگەر کار نەدۆزنەوە ناچاری گەڕانەوە دەبن.
داخستنی کارگە و شوێنکارەکانیش ڕۆژ دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە و یەکەم هێمای دەرکەوتنی ئەم قەیرانەش بەهۆی نەبوونی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز لە باکووری کوردستان سەرهەڵدەدات.[1]
#03-01-2019#