ماددەی هۆشبەری گوڵ، ماددەیەکی هۆشبەرە کە بەکارهێنانی لەم ساڵانەی دواییدا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش زۆر برەوی سەندووە. بەجۆرێک کە دوای تریاک، زۆرترین بەکارهێنەری هەیە.
بەکارهێنانی گوڵ لەنێو مێردمنداڵانیشدا برەوی سەندووە. ڕەحمان حەریری، بەڕێوبەری ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەری پارێزگای #سنە#، سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئەم ماددە هۆشبەرە لەنێو قوتابیانی ناوەندی و دواناوەندیی شارەکانی ئەم پارێزگایەدا هۆشداریی ددەدات.
بەهمەن مورادنیا، پارێزگاری سنە، دەڵێ: ئێمە هەمیشە ئەم پارێزگایە لە بوارێکی وەک ماددەهۆشبەرەکاندا وەک پارێزگایەکی سپی لەقەڵەم دەدەین، بەڵام ئێستا ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە خەریکە پەرەدەستێنێ. بەرپرسانی پارێزگای سنە هۆکاری ئەمەش بۆ کەمی بودجە، کەمتەرخەمی ئۆرگانە حکومییەکان و هەروەها لێک ئاڵانی ئەرکی دامودەزگا حکومییەکان لەم بوارەدا دەگەڕێننەوە.
سەباح قورەیشی، بەڕێوەبەری بێهزیستی پارێزگای سنە، دەڵێ: لەبەر کەمیی بودجە ناتوانن کارێکی ئەوتۆ لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا ئەنجام بدەن. بەگوتەی قوڕەیشی، ئەمساڵ بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان و هەروەها کەمپەکانی وازهێنان لە ماددە هۆشبەرەکان، تەنیا 300 ملیۆن تمەن تەرخانکراوە، کە تاوەکو ئێستا هەمووی خەرجبووە.
بەپێی ئاماری فەرمی لە پارێزگای سنەدا نزیک بە 21 هەزار گیرۆدەبووی ماددە هۆشبەرەکان هەن. دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ساڵانە هەوڵدەدەن، ئەوانەی بەم ڕێگایەدا ڕۆیشتوون پاشگەزیان بکەنەوە، بەڵام ئاکامی ئەم هەوڵانە شتێکی شایانی باس نییە.
لە یەکساڵی ڕابردوودا نزیک بە 4 هەزار و 900 کەس بە ویستی خۆیان یان بە زۆر و ناچارکردن بەشداریی خولەکانی وازهێنان لە ماددەهۆشبەرەکانیان کردووە.
بەگوتەی محەممەدسدیق محەممەدی، لە بەرپرسانی دادی پارێزگای سنە، لە حاڵەتی زۆر گەشبینانەدا تەنیا 2 یا 3 لەسەدی ئەو کەسانەی بەشداریی ئەو خولانە دەبن، بە یەکجاری واز لە هۆشبەرەکان دێنن، 99 لەسەدیان دیسان ڕوو لە بەکارهێنانەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەکەنەوە.
محەممەدی دەڵێ: کۆمەڵگە خۆی بەرهەمهێنەری ماددەهۆشبەرەکانە و زۆر لە لاوەکان لەبەر بێکاری گیرۆدەی دەبن. بەڵام پارێزگاری سنە دەڵێ: هەوڵی هاوتەریب لەنێوان دامودەزگا حکومییەکان، گرنگی نەدان و کەمتەرخەمی وایکردووە لەپرسی هۆشبەرەکان خافڵ بین.[1]
#04-01-2019#