هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو لە ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەوە، بووەتە هۆکاری دابەزینی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی باشووری کوردستاندا. لە سەرەتای مانگی ڕابردووە تاوەکو ئێستا نرخی گۆشتی ئاژەڵی زیندوو 30 لەسەد کەمیکردووە و خاوەن ئاژەڵەکان بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕەکاندا دەیفرۆشن.
بەپێی ئامارەکان لە کۆی 85 هەزار تۆن پێداویستی هەرێمی کوردستان بە گۆشتی سوور، 45 هەزار تۆنی لە وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکرێت. بەهۆی هاوردەکردنی ڕەشەوڵاخ تا دێت نرخی ڕەشەوڵاخ لە باشووری کوردستان لە دابەزیندایه و لە ماوەی یەک مانگدا سەدا سی نرخی دابەزیوە، لە مەیدانەکانی ئاژەڵدا کیلۆی جوانەگا بە زیندووی تەنها چوار هەزار دینارە، لەکاتێکدا نرخی گۆشت لە بازاڕەکاندا چەند ساڵێکە جێگیره و بە بڕی دوازدە هەزار دینارە.
هاوردەکردنیان لە وڵاتانی ئێران، جۆرجیاو تورکیا نرخی ڕەشەوڵاخی لە باشووری کوردستان دابەزاندووە، کاریگەری نەرێنی لە سەر نرخی ڕەشەوڵاخی خۆماڵی کردووە.
ئەیوب ئیبراهیم، بازرگانی گۆشت لە هەرێمی کوردستان بە ڕووداوی ڕاگەیاند: بە لێشاو ڕەشەوڵاخ لە وڵاتانی بیانییەوە هاوردە دەکرێت و نرخی مانگاو گاجووتی خۆماڵی دابەزاندووە، ئێستا گۆلکی خۆماڵی دوای یەکساڵ بەخێو کردن نزیکەی 300 هەزار دینار دەکات و بەشی خەرجی ناکات کە لە گوندەکان مانگا بەخێو دەکەن.[1]
#04-01-2019#