برای بەرێز و هاوبیری خۆشەویست کاک ئازاد !
لە پاش سڵاو و ڕێزێکی بێپایان، هیوام وایە هەمیشە لەوپەڕی لەشساغی و شادمانیدا بن.
برا گیان ! هەرچەندە تا ئێستا نامەکەتم پێنەگەیشتووە، بەڵام ناوەڕۆکەکانیم بیستووە. بۆیە گەڕانەوەی کاک <ئاری>م بە هەلزانی کە ئەم نامەیەت بۆ بنووسم.
1 گومانی تیا نییە کە بەڕێوەبردنی کاروباری برادەران بە درێژایی ئەم چەند ساڵە وە لە کەمترین باری ئیمکانیاتدا لە لایەن ئێوەوە کارێکی هێجگار بەجێ و شایانی سوپاسە. هەرچەندە لەوانەیە باری سەرنجی من دەربارەی هەندێک شت و لە هەندێک کاروباردا جیاواز بێ، بەڵام ئەم جیاوازییە ئەوە نییە کە ئەو ڕاستییەی پێشەوە بشارێتەوە.
2 لەسەرەتای هاتنمدا کە من شارەزای چۆنێتی پەیوەندی نەبووم لەگەڵ ئێران دا و برادەرانیش بەو جۆرەی کە پێویست بوو تێیان نەگەیاندم. لەبەر ئەوە لە یەکەم دانیشتندا گەلێک پرسیاری ناخۆسیان لێکردم، کە من بەش بە حاڵی خۆم پێم ناخۆش بوو. بەڵام وەکو بۆیان باس کردووم ئێوە توانیوتانە ئەو کەلێنە پڕ بکەنەوە و وە تێیان بگەیەنن کە هیچ جۆرە ناکۆکییەک لە ئارادا نییە. ئەمەش لە خۆیدا کارێکی زۆر گرنگ و جێگای سوپاسە.
3 کاکی برا ! من ئێستا تەمەنم نزیکی حەفتا ساڵ دەبێ، جگە لەوەی کە زۆریش لەشساغ نیم، بگرە ئەتوانم بڵێم هەمیشە نەخۆشی وازم لێناهێنێ. بەڵام کاتێک کە برادەران ڕوویان لێنام و باروحاڵی خۆیانیان تێگەیاندم بەرستم نەزانی دەست بە ڕوویانەوە بنێم ئەگەرچی زۆریش بە سیحەتی خۆمدا ڕاناپەرمووم، ئەویش لەبەرئەوەی ئەم ڕێبازە کوێر نەبێتەوە. (بە تایبەتی کە زانیم ئێوە نەخۆشی ناچاری کردوون کە لێیان دوور بکەونەوە). لەگەڵ ئەوەشدا هەر کاتێ پشت بەخودا ئێوە چاک بوونەوە، یا هیچ نەبێ توانیم چەند لاوێکی شایستە پەروەردە بکەم، ئەوسا من ئامادەم کە هەموو کاروبارێ بدەمە دەستیان و خۆم بکشێمەوە. وە ئەوەمە بەڵێنێکە لەگەڵ خۆمدا داومە چونکە من تازە بە تەمای هیچ نیم و تاقەت و توانای ئیشکردنیشم ئەوەندە نەماوە. خۆ ئەگەر خوای کرد و ئێوە چاکبوونەوە ئەوساش هەر حەقی خانەنشینیم هەیە، چونکە دڵنیام لەوەی کە ئێوە ئەتوانن بە شێوەیەکی باشتر و لەبارتر کاروبار هەڵسووڕێنن.
4 وەکو زانیومە ئێوە <وەکو وەفدی بەرە> گەلێک هاتووچۆ و پەیوەندی و ئیشوکارتان کردووە، بەڵام ئێمە لێرە تەنها ئەوەندەی لێ دەزانین کە لە هەواڵی ڕادیۆ باس دەکرێت، یان برادەرانی لایەنەکانی تر بۆمانی دەگێڕنەوە. جا بۆیە تکام وایە لەم ڕووەوە (ئەگەر ئەکرێ بە درێژی) زانیاریمان بۆ بنێرە. هەروەها هەموو ڕووداو و شتێکی نوێ کە دێتە پێشەوە و پێویستە ئێمە بیزانین، تکایە بۆمانی بنووسن.
ئیتر خۆشیتان
هەر بژین بۆ براتان
#ئەحمەد هەردی#
#22-10-1988#