هەرکە سەرۆک ترامپ بڕیارە کتوپڕەکەی سەبارەت بە ڕۆژئاوا و سوریا دا دوو بۆچوونی زەق دەرکەوتن:
یەکەم: ئاشتی و سەقامگیری جیهان لە مەترسیدایە.
دووەم: سەرۆک ترامپ بە ڕێککەوتنێکی ژێر بەژێر ئەو بڕیارەی داوە.
راستی و ئەنجامی هەر بۆچوونێک لەوانە بۆ ئەمریکا مایەی لێکەوتەی سیاسی و سترایتیجین، بۆیە دیتمان لەناو ئیدارەکەی خۆیدا وەزیری بەرگری و ماکگۆرگ هەر زوو بێ بەری خۆیان لەو بڕِیارە ترسناکە ڕاگەیاند و لەو پێناوەشدا پۆست و پلەو پایەکانیان کردە قوربانی. گەورەترین مشتومڕ لەسەر ئەو بڕیارە لەناو دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن و ناوەندە لێکۆڵینەوەکانی ئەمریکا دروست بوو. زۆر پرسیار وروژێندران: ئایا ئەمریکا پشتیوانی ڕۆژئاوای کرد تا دواتر بیداتەوە سوریا؟... ئایا بۆ ئەوە پشتیوانی هەسەدەی کردوە تا سنور تێنەپەڕێنێ و دواتر ناوچەکانیان پێشکەش بە تورکیا بکا؟.. ئایا ترامپ نازانێ بەکشانەوەی بەم شێوەیە پێگەی ئێران لە سوریا و ناوچەکە بەهێزتر دەبێ، ئەدی بۆچی ئەو ئابلۆقە سەختەی خستۆتە سەر.. ئایا ئەمریکا ناوچەکە بۆ هەژموونی ڕوسیا بەجێ دێلێ؟ ئەوانەو زۆر پرسیاری تر. کاردانەوەکانی ئەو بڕیارە زۆر گەورەبوون و تەنانەت هەندێ لە ولاتە ئەورپیەکان دژی وەستانەوە و هەندێکیشیان سەرسوڕمانی خۆیان لە بارەیەوە نیشاندا.
دوای ئەو هەموو مشتومڕو فشار و کاردانەوانە پێ دەچێ سەرۆک ترامپ هەڵوەستەیەک لە بڕیارەکەی خۆیدا بکا و بە لەبەر چاوگرتنی هەڵومەرجەکانی ناوچەکە و جیهانیش هەمواری بکاتەوە. پێشم وایە هەر وادەکا، چونکە ئەقل نایبڕێ و لۆجیک ڕێگە نادا بەبێ ئەوەی ئەلتەرناتیڤێکی نێودەوڵەتی بۆ دابین بکرێ ئەو بڕیارە جێبەجێ بکا. جێبەجێ کردنی تاک لایەنی بڕیارەکەش دەبێتە مایەی کارەساتێکی مرۆیی و شکست و پەڵەیەکی ڕەشیش بۆ سیاسەتی دەرەوە و سەرۆکایەتی ئەمریکا..
#ئارێز عەبدوڵڵا#
#01-01-2019#