لە ساڵی ڕابردوودا 368 ڕوووداوی ئاگرکەوتنەوە و لافاو لە سنووری پارێزگای #هەڵەبجە#دا هەبووە، کە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام کۆی گشتیی زیانە داراییەکانی بە زیاتر لە 177 ملیۆن دینار دەخەمڵێندرێت.
ئەمڕۆ زانیار عومەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماری ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی ساڵی 2018ی سنووری پارێزگاکەی بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارەکە، لە ساڵی ڕابردوودا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 359 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە و نۆ ڕووداوی لافاو تۆمارکراون، لە نێویاندا 30 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵان، 25 ڕووداوی سوتانی ئوتومبێل و 245 ڕووداوی سوتانی شاخ و دەشتەکان هەبوون.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەڵەبجە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، ڕووداوەکان هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام کۆی گشتی زیانە داراییەکانی سەرجەم ڕووداوەکانی ساڵی 2018، بریتیبووە لە 177 ملیۆن و 420 هەزار دینار.
بە بەراورد بە ئاماری ڕووداوەکانی ساڵی 2017، لە ساڵی 2018دا 191 ڕووداو کەمتر لەلایەن بەرگریی شارستانی هەڵەبجە تۆمارکراون.[1]
#07-01-2019#