دواڕۆژ، ڕاپۆرتی ئازوو محەمەد
بەرزبوونەی بێوێنەی نرخی گۆشتی سور لە قەسابخانەکانی #سنە# و شارەکانی دیکەی ئه و پارێزگا کوردنشینەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گلەیی و گازەندی زۆری هاووڵاتیانی بەدواوە بووە بە تایبەت کە ئه و بەرزبوونەوەیە لەچاو پارێزگاکانی دیکەی ئێران دوو ئەوەندەیە.
بەهمەن مۆرادنیا، پارێزگاری سنە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی تەسنیم ڕایگەیاند: پارێزگای سنە بەهۆی بوونی سەرچاوەی زۆری ئاو، خاک و زەوی باش و گونجاو بۆ کشتوکاڵ و بوونی لەوەڕگای زۆر و باش، یەکێکە لە جەمسەرە سەرەکییەکانی دابینکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەتایبەتی مەڕ و ماڵات و گۆشتی سور لە ئێراندا.
مۆرادنیا ئاماژەی بەوە کردووە: کە لە ئێستادا لە پارێزگای سنە نرخی گۆشت لە بەرزترین ئاستدایە بەراورد بە سەرجەم ناوچەکانی ئێران، ئەم بابەتە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئه و پارێزگایە یەکێک لە دابینکەرە سەرەکییەکانی مەڕ و ماڵات و گۆشتە، جێی سەرنج و سەرسوڕمانە، دەشڵێت: هۆکاری سەرەکی ئەم بابەتە بە قاچاخبردنی مەڕ و ماڵاتە بۆ وڵاتانی دراوسێ و لەوانە عێراق و بە تایبەت هەرێمی کوردستان، هۆکارێکی دیکەش بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە بەرامبەر تمەن و چاودێریش نییە بەسەر سەندیکا و ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە.
سەرچاوەیەک لەسەندیکای قەسابخانەکان و گۆشتفرۆشانی شاری سنە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: سەرەڕای ئەوەی نرخی دۆلار بەراورد بە ماوەی پێشوو دابەزینی زۆری بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام هێشتا نرخی گۆشت بەرزبووەنەوەیەکی بەرچاوی هەبووە و نرخەکەی لەم مانگەدا بەراورد بە مانگی پێشوو 18% گرانتر بووە.
وتیشی: لەچاو ساڵی پاریش لەم کاتەدا، 60% بەرزبوونەوەی بەخۆیە بینیوە و ئەمە بە واتای هەڵاوسانێکی بەرزە و جێی نگەرانیشە.
ئه و سەرچاوەیەش هۆکاری گرانی گۆشتی گەڕاندەوە بۆ بەرزی نرخی دۆلار، قاچاخی مەڕ و ماڵات بۆ شارەکانی دیکەی ئێران و وڵاتانی دراوسی و هەرێم، وتیشی: تەنانەت زۆرێک لە خاوەن مەڕ و ماڵاتەکان خۆیان ئاژەڵەکانیان دەبەنە هەرێم و بە نرخی باشتر لە ئێران دەیانفرۆشن و هۆکارێکی دیکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لەمساڵدا بە هۆی ڕیژەی باشی ئاو و باران، لەوەڕگەکان لە باشترین دۆخدابوون بۆ لەوەڕاندن، بۆیە خاوەنی مەڕ و ماڵاتەکان، فرۆشی مەروماڵاتیان کەمکردووەتەوە.
ئه و سەرچاوە وتیشی: لە ئێستادا سەندیکا کیلۆیەک گۆشتی گوێرەکەی دیاریکردوە کە لە 75 هەزار بۆ 95 هەزار تمەنە و گۆشتی بەرخیش زۆر بە کەمی دەستدەکەوێت و ئەوەش لە 90 هەزار بۆ 120 هەزار تمەن دەفرۆشێرێت و لەکاتێکدا لەسەرەتای ساڵی 2018دا نرخی گۆشت 30 هەزار تمەن بوو.
ئه و ئەندامەی سەندیکای قەسابخانە و گۆشتفرۆشان ئەوەشی وت: بەداخەوە ئێمە لە ئیستادا ناتوانین نرخەکان دابەزێنین و ئەوە نارەزایەتی هاووڵاتیان و قەسابەکانیشی لێکەوتووەتەوە و ئەمە دوو ڕۆژە قەسابخانەکانی شاری سنە بەهۆی ناجێگیری نرخی گۆشت و بەرزبوونەوەی زۆری و نەبوونی کڕیار، مانگرتنیان ئەنجامداوە و داوای هاوسەنگی نرخەکان و چارەسەری کێشەکانیان دەکەن.
هاووڵاتییەکی سنەیی بە ناوی هیوا سەربازی، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: من ئەندازیاری بیناسازیم وهاوسەرگیریم کردوە و منداڵیشم نیە، سەرەڕای ئەوەی کە من موشتەری هەمیشەیی ئه و قەسابخانەیەم کە گۆشتی لێدەکڕم، گۆشتی گوێرەکەم بە 80 هەزار تمەن دەستدەکەوێت، ئەوە بۆ من کە بارودۆخی ئابووریم لە مامناوەند بەرەوسەرە قورسە، ئیتر دەبێت بارودۆخی چینە کەمداهاتەکان، مامناوەندەکان و ئه و بنەماڵانەی منداڵیان هەیە چۆن بێت؟ و کێ وەڵامی ژیانی ناتەندروستی منداڵانی کورد دەداتەوە؟
هیوا وتیشی: لە شاری سنە کە ناوەندی پارێزگاکەیە و سەندیکاکان چالاکترین چاودێری بەسەر قەسابخانەکاندا دەکەن نرخ بەوجۆرەیە، لە شارەکانی دیکەی ئه و پارێزگایە بارودۆخ خراپتر و نرخەکان ناجێگیرن و هەرکەس بە حەزی خۆی نرخ دیاری دەکات.
هاووڵاتیەک لە شاری #سەقز# بە ناوی شەیدا ڕاوەن بۆ دواڕۆژی باسی لەوەکرد: لە مانگی پێشوودا نرخی یەک کیلۆ گۆشتی گوێرەکە 60 هەزار بووە، بەڵام سەرەڕای دابەزینی نرخی دۆلار کە پێشترم پاساوی ئەو بەرزبونەوەیەی نرخی گۆشت بوو، لەم مانگەدا نرخی کیلۆیەک گۆشتی گوێرەکە 80 هەزار و زیاترە و گۆشتی بەرخیش هەر بوونی نییە و ئێمە خەریکە بیرمان دەچێتەوە بەرخیش بوونی هەیە.
شەیدا وتیشی: لە سەقزیش سێ ڕۆژە قەسابخانەکان مانیان گرتووە و دوکانەکانیان داخستووە، ئیتر بۆ خۆتان لەم چیرۆکەوە چیرۆکی ئێمە بخوێننەوە.
لە کۆتاییدا بە دواڕۆژ دەڵێت: ئێمە لە قەیرانداین و سەرەڕای ئەوەش زۆر بە سەبرین، ژیان لێرە بە ڕاستی سەختە.[1]
#08-01-2019#