بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، لە 2014ەوە ناوی کەمئەندامی نوێیان بۆ پێدانی مووچە نەنوسیووە، کە بەپێی بەدواداچوونەکانیان ژمارەیان نزیکەی 20 هەزار کەس دەبێت.
د.عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بە وەکالەت، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، وەزارەتەکەیان لە 2014ەوە ناوی هیچ کەمئەندامێکی نوێی نەنوسیوە و تاوەکو مووچەی کەمئەندامی بۆ ببڕدرێتەوە و دەشڵێت چاوەڕێی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین، بۆ نووسینی ناوی نوێی کەمئەندامی، تاوەکو ئێستاش هیچ فەرمانێک لەو بارەیەوە نییە، چونکە هەر ناومان نووسی، دەبێت مووچەیان بۆ دابین بکەین.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بە وەکالەت باسی لەوەشکرد، بۆ دابەزاندنی ڕێژەی کەمئەندامی فەرمانبەر لە 70% بۆ 55% تاوەکو مووچەی کەمئەندامی پێبدرێت، ئەوە لەدەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانە نەک وەزارەتی کار و گوتیشی هەفتەیەکە نووسرامان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزکردووەتەوە تاوەکو ئەو گۆڕانکارییە بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە.
بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، مووچەی سەرجەم ئەو کەسانە ڕاگیراوە کە لە پشکنینی کەمئەندامی دەرنەچوون یاخود خۆیان نەچوون بۆ دووبارەی پشکنینەوەی تەندروستی.
بەشێک لەوانەی مووچەیان ڕاگیرابوو ئەو کەمئەندامانەن کە فەرمانبەرن و ڕێژەی کەمئەندامییان لە خوار 70%وەیە و ئێستا داوا دەکەن ڕێژەکە بۆ 55% دابەزێ.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کاروکاوباری کۆمەڵایەتی، لە هەرێمی کوردستان 81 هەزار و 111 کەمئەندام هەن.[1]
#08-01-2019#