لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستەی ژینگە دەخرێتە سەر وەزارەتی شارەوانی، وتەبێژی دەستەکەش ڕایدەگەیەنێت تا ئێستا ئەوان بە فەرمی لەو بارەیەوە ئاگادارنەکراوەنەتەوە، چالاکوانانی ژینگەش دەڵێن: هەنگاوێکی لەو شێوەیە زیان بە کەرتی ژینگە دەگەیەنێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دەست ئاژانسی ڕۆژنیوز کەوتووە، لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە و لەگەڵ وەزارەتی شارەوانیی هەرێم تێکەڵ دەکرێت و چیتر ژینگە وەک دەستەیەکی سەربەخۆ نەمێنێتەوە.
هەندرێن شێخ ڕاغب، وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئەوان تا ئێستا بە فەرمی لە بڕیارێکی لەو شێوەیە ئاگادارنەکراونەتەوە، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ماوەیەکە ئەو دەنگۆیە هەیە و نازانن تا چەند دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەبارەی ئەگەری پەیوەستکردنی دەستەی ژینگە بە وەزارەتی شارەوانیەوە، هەندرێن شێخ ڕاغب ڕایگەیاند: ئەگەر پلانێکی لەو شێوەیە هەبێت، دەبێت لە کارنامەکەشیدا ئەوەی تێدا بێت کە بە چ ڕێگایەک دەستەی ژینگە لەناو وەزارەتی شارەوانیدا خزمەت بە بواری ژینگە دەکات، چونکە ژینگە کەرتێکی گرنگە لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008 پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان کە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەسەندی کرد، پێویستە وەزارەتی ژینگەی هەرێم دابمەزرێت و ئەنجومەنێکیشی هەبێت بەناوی ئەنجومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمدا، بەڵام دواتر و لە ساڵی 2010، پەرلەمان یاسای دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستانی پەسەند کرد و کاروبارەکانی ژینگەی هەرێم بەو دەستەیە سپێردرا.
ئاسۆ شکاک، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاڤیاری ژینگەیی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، سەرەڕای ئەوەی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خەمی ژینگەدا نەبوو و نەیتوانی خزمەتێکی باش بە بواری ژینگە بکات، بەڵام ئەگەر دەستەی ژینگە بچووک بکرێتەوە ئەوا زیانێکی زۆر بە بواری ژینگە دەگات.
سەرۆکی ڕێکخراوی ئاڤیار، وتیشی:پێویستە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری جدیی بکات بۆ ئەوەی پەرە بە بواری ژینگە بدات لە هەموو ڕوویەکەوە، نەوەک بچوکتری بکاتەوە، لە ڕاستیدا پێمان باشە ئەو دەستەیە بکرێتەوە بە وەزارەتێکی سەربەخۆ، بۆئەوەی بتوانێت خزمەتی زیاتر بە ژینگەی هەرێمی کوردستان بکات.
هەڵوەشانەوەی دەستەی ژینگە، لە چوارچێوەی بچوککردنەوەی هەیکلەی ئیداریی دێت، کە دەوترێت لە کابینەی نوێدا بە تێکەڵکردن و هەڵوەشانەوەی چەند وەزارەت و دەستەیەک، ئەنجام دەدرێت.
بە پێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 1992ی ئەنجوومەنی وەزیران، کە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەسندکراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستکراوەیە بە گەورەکردن و بچوککردنەوە هەیکەلی ئیداریی حکومەتەکەی، ئەو ڕێکارەش دەبێت لە پەرلەمانەوە متمانەی پێبدرێت.[1]
#08-01-2019#