وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ژمارە و ڕێژەی هاتنی گەشتیاران لە ساڵی 2018 ئاشکرادەکات و دەڵێت، بەراورد بە 2017، ڕێژەی گەشتیاری 47% زیادیکردووە، دەشڵێت بەپێی ئەو پلانەی داماننابوو ژمارەی گەشتیاران بگاتە سێ ملیۆن بە خۆشحاڵییەوە سەرووی 3 ملیۆنی تێپەڕاند.
نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە میانی بەخشینی بڕوانامەی جۆری لە بنکە گەشتیارییەکان بە ژمارەیەک لە کۆمپانیا و شوێنە گەشتیارییەکان، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاماژەی بە ژمارەی هاتنی گەشتیاران لە ساڵی 2018 کرد و ڕایگەیاند: ژمارەی هاتنی گەشتیاران بۆ ساڵی 2018، گەیشتە سێ ملیۆن و 57 هەزار کەس، بەراورد بە 2017 ڕێژەکە 47% زیادیکردووە.
نەورۆز مەولوود، دەڵێ: دوای ئەو قەیرانانەی لە هەرێمی کوردستان ڕوویاندا، ڕێژەی گەشتیاران کەمیکرد، بەڵام لە ڕێگەی پلانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەستەی گەشتوگوزار و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ساڵی 2016 توانیمان ڕێژەکە بگەیێنینە ملیۆنێک و 500 هەزار، لە 2017ەش گەیشتە دوو ملیۆن و 100 هەزار گەشتیار، لە 2018ەش هەروەکو پلانمان بۆی دانابوو بیگەیێنین بە سێ ملیۆن، خۆشبەختانە ژمارەکە سەرووی 3 ملیۆنی تێپەڕاند.
سەبارەت بە ژمارەی هاتنی گەشتیاران لە ڕۆژانی سەری ساڵ و بەشداریکردن لەو چالاکیانەی کرابوون، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: بەهۆی ئەو چالاکییە گەشتیاریانەی ئەنجامدرابوون لە هەرچوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، ئەمە وایکرد 136 هەزار گەشتیار ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن، ئەمەش ڕێژەیەکی پێوانەییە لە هاتنی گەشتیاران.[1]
#08-01-2019#