لە گوندەکانی دۆڵەڕەقە بەهۆی نەخۆشییەوە چەندین سەر ئاژەڵ مرداربوونەتەوە و ئاژەڵدارانیس داوادەکەن لایەنی پەیوەندیدار هاوکارییان بکات لە چارەسەرکردنی نەخۆشیی ئاژەڵەکانیان.
لە گوندەکانی دۆڵەڕەقەی شارەدێی سەرکاپکان-ی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، نەخۆشییەکانی زەردوویی، تاعون و تەبەقە و بەرهاویشتن لەناو ئاژەڵەکاندا بڵاوبووتەوە و بەو هۆیەشەوە ژمارەکەی زۆر لە ئاژەڵاکان مرداربوونەتەوە.
گوندنشینان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە ئەگەر بەزوویی چارەسەر نەکرێن، ڕەنگە نەخۆشییەکە زیاتر تەشەنە بسەنێت و سەرجەم ئاژەڵەکانیان لەناوبچن.
ئەحمەد ڕەسوڵ دانیشتووی گوندی سپیاوی دۆڵەڕەقە، باس لەوە دەکات، کە ساڵانی ڕابردوو حکومەت دەرمانی پێویستی بۆ دابین کردوون بۆ ئەوەی ئاژەڵەکانیان بەدووربێت لە نەخۆشیی، بەڵام ماوەی دوو ساڵە هیچ هاوکاریی ئاژەڵدارانی سنوورەکەی نەداوە.
لەبارەی هەوڵی خۆیان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی ئاژەڵەکانیان، ئەحمەد ڕەسوڵ، وتی: سەردانی پزیشکی ڤێرتەرنەریی-مان کردووە و دەرمانمان بۆ ئاژەڵەکانمان وەرگرتووە، بەڵام دەرمانەکان باش نین و چارەسەری ئاژەڵەکان ناکەن.
ئەو ئاژەڵدارە، داوای هاوکاریی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و وتی:ئەگەر حکومەت قەیرانی دروستکردووە و موچەنانێرێت باهاوکاریی ئاژەڵداران بکات، بۆئەوەی بەرهەمی ناوخۆ زیاد بێت و ئابووریی هەرێم بەهێزتر بێت.
سنووری دۆڵەڕەقە، پێک دێت لە 19 گوند و بەهۆی کەمی خزمەتگوزارییەوە دانیشتوانەکەی گوندەکانیان جێهشتووە و ئێستا تەنها 40 ماڵ لەوگوندانە ماون.
موحسین عەبدوڵا، لێپرسراوی هۆبەی ڤێترنەریی ڕانیە، هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی لەناو ئەو ئاژەڵانەدا دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەنجام نەدانی هەڵمەتی کوتان و دەڵێت: بەهۆی قەیرانی داراییەوە چەند ساڵێکە نەمانتوانیوە هەڵمەتی کوتانی ئاژەڵەکان ئەنجام بدەین.
سەرەڕای کەمتەرخەمیی حکومەتی هەرێم و هاوکاریینەکردنی ئاژەڵداران، موحسین عەبدوڵا، ڕەخنەی لە ئاژەڵدارەکان گرت و وتی: ئاژەڵدارەکان کەمتەرخەمن و دەبێت باشتر ئاژەڵەکان بەخێوبکەن و دەرمانی باشیان بۆ بکڕن.
ئاژەڵداریی پیشەی سەرەکیی دانیشتوانی دۆڵەڕەقەیە، بۆیە بە وتەی خۆیان، ئەگەر حکومەت خەمیی جدیی نەخوات و هاوکارییان نەکات لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی ئاژەڵەکانیان، ئەوا زیانێکی زۆری مادییان بەردەکەوێت و ڕەنج بەخەسار دەبن.[1]
#15-01-2019#