زەمەن پرێس: بڕیار نامیق
ماوەی مانگێکە نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندە لە هەرێمی کوردستان بڵاوبوەتەوە و لە #سلێمانی# بەهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش چارەسەر وەردەگرن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، بە ڕۆژنامەی (زەمەن) ئاشکرای کرد، ماوەیەکە لە #هەولێر# و سلێمانی و #دهۆک# نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندە بڵاوبوەتەوە، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی شاردویانەتەوە بۆ ئەوەی خەڵک نەترسێت.
سەرچاوەیەک لە تەندروستی سلێمانی نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت ئاماژەی بەوە کردوە، ڕۆژی (15) مانگی ڕابردو، نەخۆشێک گەیەندراوەتەوە نەخۆشخانەی فریاکەوتن و دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی هەناوی کراوە و پشکنینی بۆ کراوە و دەرکەوتووە نەخۆشیەکی ترسناکی هەیە.
سەرچاوەکە، وتیشیئەنجامی پشکنینەکە ڕەوانەی تاقیگەی ناوەندیی کراوە لەبەغدا و تەندروستی سلێمانی ئاگادارکراوەتەوە، کە نەخۆشەکە تووشی ئەنفلۆنزای باڵندە بووە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی (زەمەن) دوای ئەوە تەندروستی سلێمانی ژورێکی عەمەلیاتی بە ئەندامیەتی چەند پزیشکێک پێکهێناو لەناو نەخۆشخانەی گشتی هەناویی (جمهورییەکە) و هۆڵێکی تایبەت بەو نەخۆشییە کراوەتەوە بەتەنها ڕێگە بە نەخۆشەکان و پزیشکەکان دەدرێت بچنە ئەو بەشە.
سەرچاوەکەی (زەمەن) ئاشکرای کرد: تائێستا زیاتر لە (20) کەس تووشی نەخۆشیەکە بوون و شەش کەسیان گیانیان لەدەستداوە و (15) کەسیش لە مردن ڕزگارکراون و بەشێکیان ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە و بەشێکی تریشان لە ژێرچاودێرییدا هێڵراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسانەی تووشی ئەنفلۆنزا بوون تەمەنیان لە سەرو (20) تا (45) ساڵەوەیە و بۆ ڕووبەڕووبونەوەی نەخۆشیەکەش بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی داوای (48) ملیۆن دیناری لە #وەزارەتی دارایی# کردوە.[1]
#15-01-2019#