سەرۆکی دەزگای پلاندانانی ئێران، دانی بەوەداناوە، کە ئێران لەماوەی 10 مانگدا تەنها توانیویەتی دوو ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت، لەبەر ئەوەی سەرچاوەی سەرەکی داهاتی ئێران نەوتە، کەمی فرۆشتنی نەوت ئەو وڵاتەی ڕووبەڕووی داڕوخانی ئابوری کردووەتەوە.
یەکێک لە پایە گرنگەکانی ئابووریی ئێران، هەناردەکردنی نەوتە، بەشێوەیەک، کە ڕۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد بەڵام لە ئێستادا بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەری، ئێران توانای هەناردەکردنی نەوتی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، ئەوەش ئابوری ئێرانی ڕووبەڕووی مەترسی داڕوخان کردووەتەوە، هەرچەند گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، دەرکەوتووە، بەڵام ئەمریکا سورە لەسەر ئەوەی ڕێژەی فرۆشتنی نەوتی ئێران بهێێتە سفر بەرمیل.
کرێکاران، ماموستایان، خوێندکاران، خانەنشینان و... ناوبەناو ناڕەزایەتی دەردەبڕن و خۆپێشاندان دەکەن، زۆرێک لە کارگەو و کۆمپانیاکان، یان داخراون یان کارەکانیان ڕاگرتووە و کرێکارانیان لەکار دەرکردووە، ئەو کارگانەش هێشتا نیوە و ناتەواو کار دەکەن توانای پێدانی حەقدەستی کرێکارانیان نییە و ناتوانن بەهۆی گەمارۆکانەوە ماددەی دەستپێکی کارەکانیان دابین بکەن.
داهاتی سەرەکی وڵاتی ئێران لە نەوت دابین دەکرێت، بە شێوەیەک کە 80٪ی هەناردەی گشتی ئێران پێکدێنێت و 60٪ی داهاتی حکومەت لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوەتەوە دابین دەکرێت، بەڵام لە ماوەی ڕابردوو و بە گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و ئاستتەنگ بوونی فرۆشتنی نەوتی ئەو وڵاتە لەژێر کاریگەری گەمارۆکان، دەوڵەتی ئێران دانی بەوە داناوە کە ئیتر وەکو جاران ناتوانێت نەوت بفرۆشیت.
محەمەد باقر نەوبەخت، سەرۆکی دەزگای پلاندانانی ئێران، دوێنی بە ئاژانسە ئێرانیەکانی ڕاگەیاندبوو، کە گەمارۆ نەوتییەکانی ئەمریکا بووەتە هۆی ئەوەی دەوڵەتی ئێران بە سەختی تووشی کێشە ببێت و لەماوەی 10 مانگدا ئێران تەنها دووملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، جگە لە کێشەی ڕێژەی کەمیی فرۆشی نەوت، دەوڵەتی ئێران ناتوانێت ئەو دراوە بگەڕێنێتەوە، کە لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوێت، ئەوەش دەگڕێتەوە بۆ ئەو خاڵانەی ئەمریکا لە خولی دووەمی گەمارۆکانی بۆ سەر ئێران دیاری کردبوو.
لە خاڵی چوارەمیی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، ئاماژە بەوەکراوە کردنەوەی ئەژماری بانکی دەرەوەی سنورەکانی ئێران و ئاڵوگۆڕی ڕیاڵ بە ڕێژەی زۆر قەدەغەیە هەوەرها لە خاڵی 10ی ئەو گەمارۆکاندا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموو شێوەیک بازاڕی نەوت و پەترۆ کیمیاوی لەگەڵ ئێران قەدەغەیە.
نەوبەخت، ئاماژەی بەوەش کردبوو، کە بۆ هەناردەکردنی نەوت حکومەت پێویستی بە کەشتی-یە، بەڵام پیشەسازی کەشتیوانی ئێمەش گەمارۆی لەسەرە، تەنانەت ئەگەر بتوانین کەشتیەک بۆ گواستنەوەی نەوت بدۆزینەوە پێویستە ئەو کەشتی-یە بیمە بکرێت، بەڵام بیمەکانیشمان گەمارۆیان خراوەتەسەر.
لە خاڵی نۆیەمی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران هاتووە: چالاکی بەندەرەکان، کەشتیوانی و کەشتیسازی و پێشەسازی گرێدراوی ئەوانە گەرمارۆی دەخرێتە سەر و لە خاڵی 13ەش جەخت لەوە دەکاتەوە کە هاوکاری لەگەڵ ئێران لەسەر گەرەنتی خزمەتگوزاری و بیمە قەدەغەیە.
سەرەڕای ئەمانە بەرزبوونەوەی بەهای شتومەک، هەڵئاوسانی لەڕادەبەدەر، دابەزینی بەهای تمەن لەبەرامبەر دولار، داخران و ڕاگرتنی کاری کارگەکان، بێکاری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و نەگونجانی داهات لەگەڵ خەرجی، ئاماژەیە بەوەی، کە دەوڵەتی ئێران لە بواری ئابوورییەوە تووشی کارەسات بووە و کۆی ئەمانە دەریدەخات، بە پێچەوانەی وتەی بەرپرسان و کاربەدەستانی ئیڕان لەسەر بێکاریگەربوونی گەمارۆکانی ئەمریکا، ئابووریی ئێران بەرەو داڕمان و ڕووخان دەڕوات و چیتر بەرگەی ئەو فشارانە ناگرێت.
لە ماوەی ڕابردوودا مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی چەندین وڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستکرد و لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای زۆربەی وڵاتانی عەرەب-دا لە چوارچێوەی دروستکردنی فشاری زیاتر بۆ سەر ئێران، کۆبوونەوەی ئەنجامدا و بڕیارە مانگی داهاتوو لە وارشۆی پایتەختی پۆلەندا لوتکەیەک بە بەشداری زۆربەی وڵاتانی جیهان و ناوچەکە لەدژی ئێران بەڕێوەبچێت، کە بێگومان لە ئاکامی دەرهاوێشتەکانی ئەو لوتکەیە و دروستکردنی هاوپەیمانیەتیەکی دیکە، ئێران هەرچی زیاتر لە بواری سیاسیش گەمارۆ دەدرێت و دەخرێتە دۆخێکەوە، کە یان لە هەڵوێستەکانی پاشگەز ببێتەوە یان خۆی بۆ شەڕیکی سەخت ئامادە بکات.
ئەمانە سەرڕای ئەوەن، کە جموجۆڵە سەربازیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و بە تایبەت کەنداوی فارس زیادی کردووە و ئاماژەکان بەرەو ئامادەکاری بۆ شەڕ، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، هەروەها کشانەوەی هێز لە سوریا بەرەو نزیک سنورەکانی ئێران، هێنانی کەشتی فڕۆکەهەڵگری جەنگی ئەمریکا بەناوی 'یو ئێس ئێس جان سی ئستەینیس' بۆ کەنداو، هەموو نیشانەی شەڕ یان لانێ کەم پاشەکشە کردن بە ئێرانە لە ناوچەکە بەرەو سنورەکانی خۆی.
ئایا ئێران ئامادەیە بۆ شەڕ! ئەو شەڕە ڕوو دەدات یان نا! شتێکە گرێدراوی تێپەڕبوونی کاتە، بەڵام ئەوەی دیارە ئەمەیە، کە ئێران بەرگەی ئەو هەموو فشارە ئابووریی و سیاسییانە ناگرێت، هەروەک لە ڕۆژانی ڕابردووش کاربەدەستانی سەربازانی ئێران ڕایانگەیاند، کە هێزیان لە ناوچەکە نەماوە و بوونیان لە سوریا بوونی ڕاوێژکارییە، کە ئاماژەیەکە بۆ قبوڵ کردنی مەرجەکانی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئێران لە ناوچەکە و گەڕانەوەیان بۆ ناو سنورەکانی خۆی، هەروەها ئەو دانپێدانانەی دیکە لەسەر کاریگەربوونی گەمارۆکان، کە زۆربەی کاربەدەستانی باڵای ئێران ڕاستەوخۆ یان لە ناو قسەکانیاندا دانیان پێناوە، دەریدەخات، کە ئێران بێ مەیل نییە دانوستان لەگەڵ ئامریکا بکات.[1]
#20-01-2019#