دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
سەرۆکی یەکێتی جویتارانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت: تائێستا حکومەتی عێراق زیاتر لە 557 ملیار دیناری پارەی گەنمی سێ ساڵی جوتیارانی هەرێم قەرزدارە و نەیگەڕاندۆتەوە، دەشڵێت: حکومەتی عێراق زیانی زۆر گەورەی بە جوتیارانی هەرێم گەیاندووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 21ی کانوونی دووەم، یاسین قادر، سەرۆکی یەکێتی جوتیارانی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە #هەولێر# وردەکاری خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم و ئه و زیانانەی خستەڕوو کە بەهۆی بڕیارەکانی حکومەتی عێراق بەر جوتیارانی هەرێم کەوتووە.
یاسین قادر، ڕایگەیاند: لە 2015 بۆ زیانگەیاندن بە کەرتی کشتوکاڵی هەرێم، حکومەتی عێراق سیستمێکی خەرجکردنی پارەی جوتیارانی جێبەجێکرد کە جوتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پێش هەرێم پارەیان وەرگرت، هەروەها لە ساڵی 2016 نرخی کڕینەوەی گەنم زیاتر دابەزێنرا، بەمەش جوتیارانی هەرێم زیانیان بەرکەوت، چونکە نیوەی زیاتری گەنمی هەموو عێراق لە هەرێم بەرهەمدەهات، هەر له و ساڵەدا ڕێکارێکی دیکە پەیڕەوکرا کە لە 70%ی گەنمی جوتیارانی هەرێم وەرگیرا، هاوکات ڕێژەی شێی گەنم لەکاتی وەرگرتن لە سایلۆکان بەرزکرایەوە بۆ 7%.
وتیشی: لە ساڵی 2017دا، دوو ڕێکار بۆ دابەزاندنی پاڵپشتی حکومەتی عێراق بۆ جوتیارانی هەرێم بۆ خوار 400 هەزار تەن پەیڕەوکراوە، ئەمەش وایکرد عێراق بڕیاریدا بە وەرنەگرتنی گەنمی درشت لە جوتیارانی هەرێم، لەکاتێکدا کە خاکی هەرێم بۆ بەرهەمهێنانی گەنمی درشت زۆر بەپیتە.
سەرۆکی یەکێتی جوتیاران، ئاماژەی بەوەشکرد: لە 2018دا، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە بڕینی 47%ی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم بۆ ساڵەکانی 2014، 2015، 2016، ئەمەش قەبارەی زیانەکانی زۆر گەورەتر کرد.
لەبارەی بڕی ئه و پارەیەی بە جوتیارانی هەرێم نەدراوە، یاسین قادر وتی: کۆی شایستە داراییەکانی ساڵانی (2014، 2015 و 2016)، دەکاتە یەک تریلیۆن و 850 ملیار و 855 ملیۆن دینار کە بڕی یەک تریلیۆن و 293 ملیار و 100 ملیۆن دینار خەرجکراوە، ئەوەشی ماوە 557 ملیار و 755 ملیۆن دینارە کە دەکاتە 30%ی شایستە داراییەکانی حوتیارانی هەرێم بۆ ساڵانی (2014، 2015 و 2016).
یەکێتی گشتی جوتیارانی هەرێم داواکارە بڕیارە هەڵەکانی کابینەی پێشووی حکومەتی عێراق هەڵبوەشێنێتەوە و داواش لە نوێنەرایەتی بیانی لە هەرێم و حکومەتی هەرێم دەکات کاربکەن بۆ دەستەبەرکردنی پارەی جوتیارانی هەرێم.
یەکێتییەکە ڕاشیدەگەیەنێت: کە لەگەڵ هەوڵە سیاسییەکان لەڕێگەی دادگاوە هەوڵی خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم دەدەن.[1]
#21-01-2019#