ئەسپەشێ یان ئەتڕێ یان ئەفڕێ
ئەسپەشێ بەغارترین ئەسپە و باشترینی جۆرەکانییەتی، قاچەکانی باریکن و تیژڕە و وبەغارە، شۆڕەسواری هەبێت وەک بروسک و تارمایی دەڕوات و وەکوو موس ڕێ دەبڕێت، لەچاوتروکانێک ڕەشبۆس (ئەسپەشێ) دەگاتە سەرت ناهێڵێتت یەک بەکلکی خۆت بڕۆیت ئەسپەشێ لە دێرزەمانەوە جێگەی متمانەی شۆڕەسواران بووە هەر بۆیە لە زۆربەی داستان و ڕووبەڕووبوونەوەکان و سەروەرییەکان و قارەمانێتی ناوی هاتووە، ئینجا لێرەدا کە بووە بە ئیدیۆم بەهۆی تیژڕۆیەتی لە ڕێگاوبانان هەندێک جار ئەم تیژڕۆیە دووچاری پێکانی دەکات کە پێکاش ئەوا چەندین تەقەڵە لێ دەدات ئەگەری زۆری هەیە قاچەکانی یان ملی بشکێت بەمەش ئەسپێتی خۆی لەدەست دەدات و کەڵکی مەیدانی نامێنێت (تڕ)ینی بۆ بەکارهاتووە، خۆ ئەگەر کارەکەی پێ ئەنجامدرا هیچ وڵاغێکیتر نایگاتێ (فڕ)ینی بۆ بەکارهاتووە، وەک گرە و کردنە لەسەر ئەسپە شێ و ئەوانەی بە ئەسپی شێ دەچن لەبەر چالاکیان یان دەردەچن و سەردەکەون یان تووشی هەڵدێر دێن و ملیان دەشکێت بۆیە بەدەربڕینەوە وتراوە (ئەسپەشێ یان ئەتڕێ یان دەفڕێ).