هاوڕێم!
دیوانەشیعرەکەتم بەدەستگەیشت، خوێندنەوەی چەشنەبێگارێک بوو، تامن جارێک ئەوم تەواوکرد، ئەوهەزارجارمنی تەواوکرد!
هاوڕێم گوێم لێ بگرە، هەرلەگەڵ تۆم نییە، لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆرتانمە؛ شیعری ‘تازە’ی کوردی، لەسەردەستی خواستراوی ئێوە خەریکه دەدۆڕێ، لەڕیشەی خۆیپچڕاوە، نامەیەکە ئەدرەسەکەی ناخوێندرێتەوە، ناگاتەدەست خاوەنی خۆی، ئەوەی ئێوه ناویدەنێن شیعر، تەنکەئاوێکی لێڵە، ئێوەیش بۆق ئاسا هەم لێیدەخۆنەوە، هەم تێیدا دەڕشێنەوە!
شیعر – یاقینێکی زۆرئەستوورە، یا خۆشەویستی یەکی زۆرتەنک؛
بەشیعری ئێوه نەئاگری قینم کڵپەدەسێنێ، نەئەستێرەی خۆشەویستی دادەڕژێنە ژوورەکەم.
هاوڕێم، هەرلەگەڵ تۆم نییە، لەگەڵ زۆربەی هەرەزۆرتانمە:
بە من بێ حوجرەیەکتان بۆدەکەمەوە، هەمووتان دەنێرمە بەرخوێندن، بۆئەوەی لەبەیانییەوە تائێوارێ شیعری بەردەشانی وجزیری وخانی وحاجی ونالی ومەحوی ومەولەوی وگۆران وپیرەمێرد وهەردیتان بۆبخوێنرێتەوە، ئێوارانیش، کۆمەڵێک هەقایەتخوان و لاوک بێژ و حەیرانبێژ و زوڕاناژەن و دۆڵەنگێوتان بەگژەوەدەنێم تا تاریک وڕوونی بەیانیان لەبنگوێتان بخوێنن و ‘میزاجی کوردەوارییتان’ ببوژێتەوە.
هاوڕێم هەرلەگەڵ تۆم نییە، لەگەڵ زۆربەی هەرەزۆرتانمە:
شیعر- کۆترێکی ماڵییە، حەزلەخوێندنی ناوحەوشه و بەرپەنجەرەی ماڵان دەکا: باڵیمەکەن.
شیعر- ئەسپێکی شێ یە، هاوڕێی دێرینمانە: چوارپەلی لەمس مەگرن.
شیعر- مناڵێکی سادیستە، باوکی خۆی یائازاردەدا، یان دەیکوژێ، ئەگەر زۆردەربەستی تەمەنیدرێژن، باشترە وەجاخ کوێربن.
شیعر- خەنجەرە، ئەوەی نایوەشێنی، باهەڵینەکێشێ!
#عەبدوڵڵا پەشێو#
#22-01-2019#