مانگی سووری کوردستان ڕایگەیاند، بە بڕی 300 هەزار یورۆ هاوکاری، کە لە 5 ئامبولانس، بەتانی، ڕاخەر، باتریی وەزی خۆر و گەرمکەرەوە، بەستەی خواردن، شیری منداڵ پێکهاتوون بۆ دەیان هەزارا هاووڵاتیی #عەفرین# لەهەرێمی شەهبا ڕەوانە کردووە.
لە ڕایگەیاندراوەکەی مانگی سووری کوردستاندا هاتووە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە 20ی کانوونی دووەمی 2018 / 30ی بەفرانبار بە ئامانجی داگیرکردنی عەفرین و کۆچبەرکردنی هاووڵاتییانی عەفرین دەستیان بە هێرشی داگیرکەری کرد. دەوڵەت تورک و چەتەکانی پێبەندی ئەخلاق و پێوەری شەڕ نەبوون. لە عەفرین ژنان، منداڵان، بە تەمەنەکان کرانە ئامانج. بە بۆردومانکردنی شوێنە مەدەنییەکان ژیان و ئارامی و ماڵی هاووڵاتییانیان کاولکرد. خانوو، بینا، مزگەوت، نەخۆشخانە، بەنداو، کامپەکانی پەنابەران لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کرانە ئامانجی بۆردومانەکان.
راشیگەیاندووە هەروەها دەستیان کرد بە دزینی هەموو ماڵ و موڵک و کەلوپەلی هاووڵاتییانی عەفرین و عەفرینیان تاڵانکرد. لە 2 مانگدا زیاتر لە 500 هاووڵاتییان کوشت، کە چەندین ژن و منداڵیشیان لە ناودا بوو و زیاتر لە 1000 کەسی تریشیان بریندار کرد.
مانگی سووری کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە سەدان هەزار هاووڵاتیی عەفرین ناچار بوون کۆچ بکەن و ئێستا لە هەرێمی شەهبا لە دۆخێکی قورس دا ژیان بەسەر دەبەن.
مانگی سووری کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو دەوڵەتی تورک سەدان هەزار هاووڵاتیی عەفرینی کۆچبەر کرد و لە شوێنیاندا چەتەکانی نیشتەجێکرد، دیمۆگرافیای گۆڕی و زەیتون و هەموو خێر و بێری شارەکەی تاڵانکرد.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باسی ئەوەشکراوە، مانگی سووری کوردستان لە سەرەتای هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە تاوەکو ئێستا و بەپێی توانای خۆی هاوکاریی مرۆیی بۆ هاووڵاتییانی عەفرین ڕەوانە دەکات، کە بڕی ئەو هاوکارییانە گەیشتووەتە نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار یورۆ.
مانگی سووری کوردستان داوا لە کوردستانیان و دۆستەکانیان لە ئەوروپا و ناوچەکانی تری جیهان دەکات، کە دەست بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاریی مرۆیی بۆ هاووڵاتییانی عەفرین بکەن.[1]
#23-01-2019#